zagros news agency

سۆمۆ: هەناردەی نەوت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیادی کردووە

 

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، رایگەیاند، هەناردەی نەوت بۆ ئەمریکا بۆ نزیکەی ٤٣٥ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ستراتیژییەتەکەیان لەسەر بنەمای هەمەجۆرکردنی بازاڕەکان و پاراستنی هاوسەنگییانە.

عەلی نزار شە تری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە رایگەیاند: ئەم زیادبوونەی هەفتەی رابردوو پەیوەندی بە گۆڕانکاری لە سیاسەتی بەبازاڕکردنەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە هۆکاری لۆجیستی کاتییەوە هەیە. گەیشتنی چەند بارێکی نەوت لە ماوەیەکی کورتدا بەهۆی خشتەی گواستنەوە و پێداویستی پاڵاوگەکان، وایکردووە ئامارە هەفتەییەکە بەرز دەربکەوێت.

ئاشکراشی کرد: هەناردەی راستەقینە لەسەر بنەمای مانگانە لە چوارچێوەی ئاستە ئاساییەکاندایە و هێشتا نەگەیشتووەتە ئەوپەڕی ئەو بڕەی کە لە گرێبەستەکاندا دیاریکراوە.

شەتری ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو قسانەی باس لەوە دەکەن عێراق پلەی دووەمی گرتووە لە نێوان هەناردەکاران بۆ ئەمریکا، “وێنە راستەقینەکە پیشان نادەن” ئەگەر پشت بە ئامارە مانگانەییەکان ببەسترێت. بەپێی داتاکانی کۆمپانیای (Kpler)، عێراق لە پلەی هەشتەمدایە لە نێوان دابینکارانی نەوت بۆ بازاڕی ئەمریکا لە چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥، بە تێکڕای نزیکەی ٣ ملیۆن بەرمیل لە مانگێکدا. بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکا (EIA) بۆ مانگی تەممووزی ئەمساڵ، عێراق لە پلەی حەوتم دایە.

بەڕێوەبەری سۆمۆ جەختی کردەوە کە بەردەوامی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و ئابوورییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن و هاندانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ وەبەرهێنان لە عێراق و بەشداریکردن لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کەرتی نەوت و وزەدا و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و شارەزایی و پاڵپشتیکردنی سەقامگیری لەم کەرتە گرنگەدا.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە ستراتیژیی سۆمۆ بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی نەوت بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان هاوشێوەی بازاڕەکانی ئاسیا و ئەورووپا، بەپێی ئەو گرێبەستانەی کە واژۆ کراون.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەناڵی ڕیاڵ مەدرید دوای پێنج گۆڵەکەی بەرشەلۆنە شێوازی خۆی دەگۆڕێت

یاسین

بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بازاڕی ئازادی ئێراندا

یاسین

ئێران و بیلاڕووس سەبارەت بە هاوکاریی سەربازیی ساڵی ٢٠٢٦ گفتوگۆ دەکەن

سەڵاح