ئەمڕۆ وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند کە هاوردەکردنی مەڕوماڵات و گۆشتی سوور بەپێی رێکاری تەندروستی تونددایە، هاوکات ئاماژەی بە پێشکەشکردنی ئاسانکاری کرد بۆ دامەزراندنی پڕۆژەکانی سامانی ئاژەڵ لە هەموو پارێزگاکاندا.
مەهدی سەهەر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند: “بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر گۆشتی سوور و کەمبوونەوەی خستنەڕووی لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا، دەرگای هاوردەکردنی بڕێکی زۆر لە مەڕوماڵات و گۆشتی سوور لە زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە کرایەوە.”
جەختی لە چەند خاڵێک کردەوە سەبارەت بە سەلامەتی گۆشتە هاوردەکراوەکان: هەموو گۆشت و ئاژەڵە هاوردەکراوەکان لەژێر چاودێری وردی فەرمانگە و نەخۆشخانە ڤێتێرنەرییەکان و کەرەنتینەی سنووریدان بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی هیچ نەخۆشییەک و ئاژەڵە زیندووەکان کاتێک دەگەنە بەندەرەکان، بۆ ماوەی ٢١ رۆژ دەخرێنە ژێر پشکنین و کەرەنتینەی ڤێتێرنەرییەوە و وەزارەتی تەندروستیش لای خۆیەوە پشکنینی ورد بۆ ئەو خۆراک و گۆشتانە دەکات کە دەچنە ناو بازاڕەکانەوە.
گوتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بە هەوڵەکانی تری وەزارەت کرد بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی: کارئاسانی دەکرێت بۆ دامەزراندنی کێڵگەکانی بەخێوکردن و قەڵەوکردنی گۆلک و مانگا لە هەموو پارێزگاکان و بەرنامەیەکی تایبەت هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی تۆوی ئەو ئالیکانەی لەگەڵ ژینگەی عێراق دەگونجێن، بەمەبەستی دابینکردنی خۆراکی گونجاو بۆ ئاژەڵەکان.
سەهەر گوتی: زیادبوونی رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ دەبێتە هۆی بووژانەوەی لەوەڕگە سروشتییەکان و زیادبوونی بەرهەمی ئالیک، ئەمەش خزمەتێکی گەورە بە خاوەن ئاژەڵەکان دەگەیەنێت.

