لە نوێترین هێرشی سووپای ئەمریکا بۆ سەر بەلەمێکی “هەڵگر و قاچاخچی ماددە هۆشبەرەکان” لە ئاوەکانی ئۆقیانووسی هێمن، لانیکەم چوار کەس کوژران
فەرماندەیی باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (US Southern Command) لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تەوییەتەری پێشوو) ڕای گەیاند کە ئەم هێرشە ڕۆژی چوارشەممە ١٦ـی کانوونی یەکەم ئەنجام دراوە و بەلەمەکە بەشداری لە قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکاندا کردووە. لەم پەیامەدا هەروەها هاتووە کە ئەم بەلەمە سەر بە “ڕێکخراوێکی تیرۆریستی” بووە. پشتڕاستکردنەوەی سەربەخۆیانەی ئەم زانیارییانە ئەستەمە.
هەروەها، گرتەیەکی ڤیدیۆیی کورت بڵاو کراوەتەوە کە تێیدا دەتوانرێت هێرشەکە لە سەرەوە ببینرێت و بەدواداچوونی بۆ بکرێت. سووپای ویلایەتە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵەوە بە پشتبەستن بە “زانیارییەکانی ڕێکخراوە هەواڵگری و ئەمنییەکان”، بەلەمەکانی بە گومانی “هەڵگرتن و قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان” لە ئاوەکانی دەریای کاریبی و ڕۆژهەڵاتی ئۆقیانووسی هێمندا کردووەتە ئامانج. تا ئێستا بەڵگەنامەی ڕوون کە ئەم تۆمەتە بسەلمێنن و هێرشەکان پاساو بدەن، پێشکەش نەکراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی میدیا ئەمریکاییەکان بڵاویان کردووەتەوە، لە سەرەتای ئەم هێرشانەوە تا ئێستا لانیکەم ٩٤ کەس کوژراون. حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان قوربانییەکانی ئەم هێرشە بە “قاچاخچی ماددە هۆشبەرەکان” و “تیرۆریست” ناو دەبات. ئەمە لە کاتێکدایە کە شارەزایانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێیان وایە، واشنتۆن بەم کردەوانە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.

