وەزارەتی پێشمەرگە گۆڕانكاری لە پۆستی فەرماندەی قیرقەی 1ـی پیادەی پێشمەرگەدا كرد، كە لە جێی لیوا ڕوكن هۆگر سەلاحەدین، لیوا سەردار مورتكە دەستی بەكار كرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی 12ـی 2025، وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند: “بە ئامادەبوونی عەبدولخاڵق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی و ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و ئەفسەرانی ستافی فیرقە رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕی فەرماندەیی فیرقەی 1ـی پیادە بەڕێوە چوو.”
لەم ڕێوڕەسمەدا، لیوا سەردار مورتکە وەک فەرماندەی نوێی فیرقەی یەکی پیادە دەستی بەکار کرد و جێگەی لیوا ڕوکن هۆگر سەلاحەدینی گرتەوە.
لە مبارەیەوە بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە وتەیەکدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ لیوا ڕوکن هۆگر سەلاحەدین دەربڕی و ستایشی ئەو خزمەتەی کرد کە پێشکەش بە فیرقەی یەکی پیادە کردووە لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم یەکە سەربازییە باڵایەوە تاوەکوو ئێستا.
هاوكات، خزمەتەکانی لە دروستکردن و پتەوکردنی ئەم فیرقەیەدا بەرزنرخاند.
بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە پیرۆزبایی لە لیوا سەردار مورتکە کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک فەرماندەی نوێی فیرقەی یەکی پیادە و هیوای خواست لە بەڕێوەبردنی ئەرکە نوێیەکەیدا سەرکەوتوو بێت.
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە وتەیەکدا، گرنگی و پێویستی ئاڵوگۆڕی پۆستە سەربازییەکانی ڕوون کردەوە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە گۆڕانکارییانە گرنگن بۆ نوێبوونەوەی یەکەکان و بەرزکردنەوەی توانا و کارایی کاروبارە سەربازییەکان.
سەرۆکی ئەرکان پێزانینی قووڵی خۆی بۆ لیوا ڕوکن هۆگر سەلاحەدین دەربڕی و بە ئەفسەرێکی خاوەن ئەزموون و خاوەن خزمەتێکی درێژخایەن وەسف کرد کە لە چەندین بەش و یەکەی جیاوازدا بە ماندوونەناسی و بە بەرپرسیارێتیی ئەرکەکانی بەڕێوەبردووە.
هەروەها پیرۆزبایی لە لیوا سەردار مورتکە کرد و ئومێدی خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا سەرکەوتوو بێت و بەڵێنی هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەکی پێویستی بۆ فەرماندەی نوێ نیشاندا، بۆ ئەوەی بتوانێت لە بەرێوەبردنی فیرقەكەدا سەرکەوتوو بێت و کاروبارەکان بە باشترین شێوە بەرێوە ببات.

