zagros news agency

پیسبوونی هەوا لە تاران گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار

 

پیسبوونی هەوا لە پایتەختی ئێران، تاران، بەردەوامە و ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری دروست کردووە سەبارەت بە تەندروستی دانیشتووان. کۆمپانیای کۆنترۆڵکردنی هەوای تاران ڕایگەیاند، پێوەری کوالێتیی هەوا (AQI) لە شارەکەدا گەیشتووەتە نزیکەی ١٥٠ خاڵ، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئاستێکی مەترسیدار.

بەپێی پێوەرەکانی کوالێتیی هەوا، ڕێژەی ١٠٠ تا ١٥٠ خاڵ مەترسیدارە بۆ ئەو کەسانەی هەستیارن بە هەوا یان نەخۆشییەکی تایبەتیی هەناو و هەناسەیان هەیە. هەروەها، ڕێژەی ١٥٠ تا ٢٠٠ خاڵ بۆ هەموو کەسێک مەترسیدارە و بەرزبوونەوەی زیاتری ڕێژەکە، مەترسیدارتری دەکات. توێژینەوەکان دەریدەخەن، ماددە وردیلەکانی (PM2.5) کە یەکێکە لە پیسکەرە سەرەکییەکانی هەوا، دەتوانێت زیانێکی زۆر بە تەندروستی بگەیەنێت، بەتایبەتی بۆ سییەکان و دڵ.

لە سەرەتای ئەمساڵی زایینییەوە تا ئێستا، تاران تەنها بۆ ماوەی شەش ڕۆژ هەوای پاکی هەبووە. ئەم ڕێژە کەمەی ڕۆژانی هەوای پاک لەکاتێکدایە، ژمارەی ڕۆژانی هەوای ناپاک بۆ گرووپە هەستیارەکان ١١٣ ڕۆژ و بۆ گشتیش ٢٠ ڕۆژ بووە، هەروەها دوو ڕۆژ هەوای زۆر ناپاک و دوو ڕۆژ هەوای مەترسیداری تۆمار کردووە. بەهۆی ئەم پیسبوونە زۆرەوە، دەستەی تۆپی پێی پارێزگای تاران هەموو کێبڕکێکانی تۆپی پێی ڕاگرتووە. لە ڕابردووشدا، بەهۆی پیسبوونی هەوا قوتابخانەکان داخراون و قەدەغەی هاتووچۆی بارهەڵگرەکانیش ڕاگەیەندراوە.

توێژەرانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان دەڵێن، پیسبوونی هەوا یەکێکە لە پێنج هۆکاری سەرەکیی مردن لە ئێران. بەپێی ئامارەکان، ساڵانە نزیکەی ٤٠٠٠٠ تا ٥٩٠٠٠ کەس لە ئێران بەهۆی پیسبوونی هەوا گیان لەدەست دەدەن. ئەم ڕێژەیە لە تاران گەیشتووەتە نزیکەی ٧٠٠٠ کەس لە ساڵێکدا. خەرجییەکانی تەندروستی و زیانی ئابووریی پەیوەست بە پیسبوونی هەوا لە ئێران ساڵانە بە نزیکەی ١٧.٢ ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.

هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا لە تاران فرەجۆرن و بریتین لە ژمارەی زۆری ئۆتۆمبێلی کۆن، کوالێتیی نزم و خراپی سووتەمەنی، پیشەسازییەکان لە دەوروبەری شارەکە، هەروەها دۆخی جوگرافیی تاران کە بە زنجیرەچیای ئەلبورز دەورە دراوە و ئەمەش دەبێتە هۆی گیرخواردنی پیسکەرەکانی هەوا بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا. وشکەساڵیی بەردەوامیش بە شێوەیەکی بەرچاو کاری کردووەتە سەر زیادبوونی تۆز و خۆڵ، ئەمەش کوالێتیی هەوای خراپتر کردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

هاکان فیدان: فراوانکردنی گفتوگۆکانی ئێران و ئەمریکا بۆ مووشەکان مەترسیی جەنگ‌ی لێدەکەوێتەوە

یاسین

بڕیارە لە ئەمەریکا خۆپیشاندانی ملیۆنی بکرێت

سەڵاح

پارێزگاری هەولێر، نۆژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتی ” شەهید فەرەنسۆ هەریری” بەسەرکردەوە

یاسین