zagros news agency

وەزارەتی بازرگانی: ١٣ چین و توێژ بڕیاری بڕینی بەشەخۆراکی مانگانە دەیانگرێتەوە

 

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ١٣ چین و توێژی دیاری کرد کە بڕیاری بڕینی بەشەخۆراکی مانگانە دەیانگرێتەوە، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ئەپڵیکەیشنێکی ئەلیکترۆنی دەریدەخات ئایا هاوڵاتی بەشەخۆراکەکەی وەرگرتووە یان نا.

 

ستار جابری، بریکاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق راگەیاند: “پڕۆژەی بەشەخۆراکی مانگانە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو لە سەردەمی گەمارۆی ئابووریدا دەستی پێکرد و ئامانج لێی هاوکاریکردنی هەژاران بوو، بەڵام هەندێک چین و توێژ لە کۆمەڵگەدا هەن کە باری ئابوورییان زۆر باشە، وەک خاوەن کۆمپانیاکان و ئەوانەی داهاتیان بەرزە و پێویستیان بە بەشەخۆراک نییە، چونکە ئەم بەشەخۆراکە تەنها بۆ هەژاران تەرخان کراوە.”

 

ئاماژەی بەوەش کرد: “بڕیارێکی پێشوو هەبووە بۆ بڕینی بەشەخۆراک لەو کەسانەی داهاتیان بەرزە و بڕیارەکە کارایە، ١٣ چین و توێژ هەن کە بەشەخۆراکەکەیان بڕدراوە، لەوانە: خاوەن کۆمپانیاکان، ئەندامانی ژوورە بازرگانییەکان، یەکێتی پیشەسازییەکان، پزیشکان، دەرمانسازان و ئەو کەسانەی مووچەکەیان لە دوو ملیۆن دینار زیاترە، لەگەڵ چەند توێژێکی تر، بەڵام زۆربەی ئەم بڕیارانە جێبەجێ نەکراون و کاردانەوەیەکی راستەقینەیان بۆ نەبووە.”

 

گوتیشی: “وەزارەت بەشەخۆراک بۆ ملیۆنان هاوڵاتی لەڕێگەی بریکارەکانەوە لە هەموو پارێزگاکان دابین دەکات، ئەگەر ئەم بڕیارە کارا بکرێت و بەشەخۆراکی دەوڵەمەندەکان ببڕدرێت، دەکرێت سوود لەو پارەیە وەربگیرێت بۆ باشترکردنی جۆری ماددەکان یان زیادکردنی ماددەی نوێ بۆ سەبەتەی خۆراکی هەژاران.”

 

ئەوەشی روون کردەوە: “هەندێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەت هاوکار نین بۆ پێدانی داتای ئەو فەرمانبەرانەی مووچەکانیان لە دوو ملیۆن دینار زیاترە بە وەزارەتی بازرگانی، ئامانجی ئێمەش ئەوەیە بەشەخۆراک بگاتە دەستی ئەو کەسانەی شایستەن.”

 

جابری لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “خوێندنەوەیەک هەیە کە هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە، سەبارەت بە میکانیزمی بڕینی بەشەخۆراک لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنی و بەستنەوەی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت وەک دارایی، باج و گومرگ، بۆ دیاریکردنی کەسانی شایستە. هەروەها نزیکەی ٤ ملیۆن کەس لە دەرەوەی عێراقن و تا ئێستاش بەشەخۆراکیان بۆ خەرج دەکرێت.”

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد: “پرۆسەی نوێکردنەوەی زانیارییەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا لە ڕێگەی کارتی نیشتمانییەوە، ئەوە دەسەلمێنێت کە ئایا هاوڵاتی بەشەخۆراکەکەی وەردەگرێت یان نا، بە جۆرێک هاوڵاتی سەردانی بریکار دەکات و لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکی مۆبایلەوە وەرگرتنی بەشەخۆراکەکە تۆمار دەکرێت، ئەگەر وەرینەگرێت، ماددەکان دەگەڕێنرێنەوە بۆ کۆگاکانی وەزارەت.”

هەواڵی پەیوەندیدار

290بەربژێر لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دوورخراونەتەوە

یاسین

ئێران؛ دوو جوولەکەی ئەمریکایی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیر کران

یاسین

وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارێک لە بەرژەوەندی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان دەردەکات

سەڵاح