ساڵی ٢٠٢٥ بۆ توركیا ساڵێكی پڕ رووداو و كێشەی گەورەی ناوەخۆیی بوو، بەتایبەت دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ، كە بارودۆخی ناوەخۆیی توركیای تا ئاستێك تێكدا و بەهەزاران هاووڵاتی لە شارەكانی توركیا هاتنە سەر شەقام و داوای ئازادكردنی ئیمامئۆغڵویان دەكرد، بەڵام سوودی نەبوو و ئازاد نەكرا. ئۆپۆزسیۆنی توركیا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد، بەڵام ئاكەپە و مەهەپە رەتیان كردەوە.
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، لە پەیامی ساڵی نوێی ٢٠٢٦دا، داوای لە حكوومەتی توركیا كرد، بچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە و گوتی چاومان لەوەیە دەسەڵات بگرینە دەست. پرسیارەكە ئەوەیە ئایە توركیا لەم ساڵدا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە؟
بەشێوەیەكی ئاسایی توركیا لە ٢٠٢٨ دەچێتە ناو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٤ی شارەوانییەكان سەركەوتنی بەدەستهێنا، بۆیە داوا دەكەن توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە و لەوێوە دەسەڵات بگرنە دەست.
ئاكەپە و مەهەپە، بەهەموو شێوەیەك هەڵبژاردنی پێشوەختە رەتدەكەنەوە، بەتایبەت دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە رەتی دەكاتەوە توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە و دەڵێت پێویستە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت.
جەهەپە هەرچەندی داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات، ناتوانێت لە پەرلەمانی توركیا دەنگی پێویستی هەبێت بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان، كە دەبێت دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران دەنگ بە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان بدەن، بۆیە دەبێت ئاكەپە و مەهەپە، بگەنە ئەو بڕوایەی توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەوكات هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.
بەگوێرەی دەستووری توركیا، هەركەسێك بۆی هەیە دوو خول ببێتە سەركۆماریی توركیا، بەمەش رەجەب تەییب ئەردۆغان، شانسی ئەوەی نییە ببێتەوە بەبەربژێر بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا، تەنیا بە دوو رێگە نەبێت:
یەكەم: دەبێت پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، واتە بەر لە وادەی هەڵبژاردنی ٢٠٢٨ پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، ئەوكات خولی دووەمی بۆ حیساب ناكرێت و دەتوانێت ببێتەوە بەبەربژێر، بەڵام وەكوو ئەوەی میدیاكان باسی دەكەن، ئەردۆغان لە سەرەتای ٢٠٢٨ ئەو بریارە دەدات نەك ٢٠٢٦.
دووەم: هەمواركردنەوەی دەستوورە، واتە دەبێت ٣٦٧ پەرلەمانتار دەنگ بە هەمواری دەستوور بدەن و ئەوكات دەچێتە ریفڕاندۆم، بۆ ئەمەیان ئەستەمە، چونكە دەنگی ئاكەپە و مەهەپە ٣٣٠ پەرلەمانتارە و ناچارن روو لە دەم پارتی بكەن، واتە ئەگەر دەم پارتی بەبەڵێ دەنگ بەهەمواری دەستوور بدات، تا رێگە بە ئەردۆغان بدەن بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەبەربژێر، ئەوكات دەستوور دەچێتە ریفڕاندۆم و گەل دەنگی لەسەر دەدات.
لەهەموو ئەگەرەكان دەردەكەوێت، توركیا لە ٢٠٢٦دا ناچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، چونكە ئاكەپە و مەهەپە، نایانەوێت بەو حاڵەی ئێستایان بچنە ناو هەڵبژاردن، كە هەڵاوسانی ئابووریی بەرزە و رەوشی ئابووریی لەوپەڕی خراپییە. ئەوان دەیانەوێت رەوشی ئابووریی باش بكەن، هەروەها پرسی چارەسەریی كوردیش بگاتە ئەنجام، تا بتوانن دەنگی كوردیش بۆ لای خۆیان رابكێشن، ئەوكات دەچنە ناو هەڵبژاردنەوە.
گۆڕانكارییەكانیش بەپەلەن و دوور نییە ئەگەرەكان گۆڕانی بەسەردا بێت و ٢٠٢٦ ببێتە ساڵی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ توركیا.

