نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات هاوکاری مرۆیی بەپەلە پێشکەش بە سووریا بکرێت بۆ یارمەتیدان و باشترکردنی دۆخی ئاوارەی کەمپەکانی باکووری ئەو وڵاتە، بەتایبەتی لەم وەرزەی سەرماو سۆڵەدا.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (OCHA) بڵاویکردەوە، “ئەگەر هاوکاریی خێرای ئاوارەکانی کەمپەکانی باکووری سووریا نەکرێت، مەترسییە تەندروستییەکان بۆ سەر منداڵان و بەساڵاچووان و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، زیاتر دەبێت.”
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشداوە، سەرما و سۆڵەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، کاریگەری لەسەر 90 شوێنی ئاوارەکان لە پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلب و حەسەکە هەبووە، نزیکەی 158 هەزار کەسی گرتۆتەوە، ئاشکراشی کردووە، بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی زستانە پێویستیان بە 112 ملیۆن دۆلار هەیە، کەچی تەنیا 29 ملیۆن دۆلار وەرگیراوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی، لە 24ـی کانوونی یەکەمدا ڕایگەیاند، هێشتا 16 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە سووریا پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە.

