zagros news agency

قیرکردنی سایدی یەکەمی ڕێگای (کۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیل) بە گوژمەی 90 ملیار دینار کۆتایی هات

 

پێش کۆتایی هاتنی ساڵی 2025، کارەکانی قیڕکردنی سایدی یەکەمی پڕۆژەی ڕێگای (کۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیل) کە بەشێکی گرنگی ڕێگای ستراتیژیی هاملتۆنە، تەواو کرا.

 

ئەم پڕۆژەیە بە گوژمەی 90 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و درێژییەکەی 10 کیلۆمەترە. پڕۆژەکە تەواوکردنی هەردوو تونێلی “ماوەران” و “میراوە” و دروستکردنی دوو یەکتربڕی بە شێوەی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس لەخۆ دەگرێت، هەروەها بڕی 450,000 مەتر سێجا کارى بڕین و هەڵکەندن بۆ بەری ڕاستی شەقامەکە ئەنجامدراوە بەمەبەستی بنبڕکردنی دیاردەی خزینی زەوی.

 

ئەم ڕێگایە هەولێری پایتەخت بە ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەری سۆران و باڵەکایەتی دەبەستێتەوە و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری و ئاسانکاری بۆ جموجۆڵی بازرگانی دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت بە تەواوبوونی هەردوو سایدەکەی، کێشەی قەرەباڵغی و مەترسییەکانی هاتوچۆ لەو ناوچە شاخاوییەدا بە تەواوی چارەسەر ببێت و کاتی گەشتکردن لە نێوان سەنتەری پارێزگا و ناوچە سنوورییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.

 

ڕێگای هاملتۆن یەکێکە لە کۆنترین و ناسراوترین ڕێگا شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوو لەلایەن ئەندازیار ئارچێباڵد هاملتۆنەوە دروستکراوە بۆ بەستنەوەی هەولێر بە سنووری ئێران. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژە ستراتیژییەکانیدا کار بۆ بەدووسایدکردن و نۆژەنکردنەوەی ئەم ڕێگایە دەکات تاوەکو لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان بگونجێت و وەک شادەمارێکی بازرگانی و گەشتیاری خزمەت بە گەشەی ئابووریی ناوچەکە بکات.

You sent

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزیری بازرگانی تورکیا: کۆی گشتیی بازرگانی له‌گه‌ڵ عێراق نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلارە

سەڵاح

ڕاشفۆرد سعودیەکان ڕەتدەکاتەوە و چاوەڕێی باسێلۆنا دەکات

یاسین

نرخى نەوت لە بازاڕەکانی جیهان نزیکەى سێ دۆلار بەرزبوەتەوە

سەڵاح