بانکی ناوەندیی عێراق بە فەرمی وەزارەتی دارایی ئاگادار کردەوە کە نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلار لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٦دا بە جێگیری دەمێنێتەوە.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی فەرمانگەی بودجە لە وەزارەتی دارایی کرد سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٦.
خاڵە سەرەکییەکانی نووسراوەکە:
– نرخی فەرمی: بانکی ناوەندی جەختی کردووەتەوە کە نرخی فەرمی دۆلار بۆ ساڵی ٢٠٢٦ وەک خۆی (١٣٠٠) دینار دەبێت بۆ هەر دۆلارێک، کە لە شوباتی ٢٠٢٣وە جێگیر کراوە.
– نرخی کڕین و فرۆشتن: بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، بانکی ناوەندی دۆلار بە نرخی (١٣٠٠) دینار لە وەزارەتی دارایی دەکڕێتەوە.
– نرخ بۆ بانکەکان و بازرگانان: بانکەکە دۆلار بە نرخی (١٣١٠) دینار بە بانکە تایبەتەکان دەفرۆشێت، ئەوانیش بە نرخی (١٣٢٠) دینار دەیدەنە بازرگانان و بۆ حەواڵەی دەرەکی بەکاریدەهێنن.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت و بانکی ناوەندیدایە بۆ پاراستنی سەقامگیریی دراوی نیشتمانی لەناو بودجە و مامەڵە داراییە فەرمییەکاندا.

