zagros news agency

سەرچاوەیەک: سوودانی و مالیکی لە بەرژەوەندیی کەسێکی دیکه دەکشێنەوه

 

سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، هەردوو کاندیدی رکابەر بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەتی داهاتووی عێراق، کە بریتین سوودانی و مالیکی پاشەکشەیان کردووە لە بەرژەوەندی کاندیدێکی سازان کە لەسەری رێککەوتوون، ئەویش “ئیحسان عەوادی” بەڕێوەبەری نووسینگەی سوودانییە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا به شەفەق نیوزی راگەیاند: “لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان مالیکی و سوودانی بەڕێوەچوو بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە کۆتایی بە مشتومڕەکان بهێنێت دەربارەی ناسنامەی کاندیدی سەرۆک وەزیران، دوای ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەڵاتی پێدابوون بۆ چارەسەرکردنی گرێکوێرەی هەڵبژاردنی کاندیدەکە.”

ئاماژەی بەوەش کرد کە هەردوولا “لە میانەی گفتوگۆیەکی ورد و درێژخایەندا، بە شێوەیەکی بەرایی گەیشتوونەتە دیارکردنی ئیحسان عەوادی وەک کاندیدی سازان بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتوو.” عەوادی لە ئێستادا بەڕێوەبەری نووسینگەی سوودانییە لە حکومەت.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە “خاڵەکانی هەموو هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بە هەڵبژاردنی عەوادی کاریگەر نابن، چونکە ئەو کاندیدی سازانە و لەسەر هیچ لایەنێکی ناو ماڵی شیعە هەژمار نەکراوە.” بەڵام گوتیشی: “تاوەکو ئێستا سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەشێوەیەکی فەرمی لە کاندیدکردنی عەوادی ئاگادار نەکراونەتەوە.”

ئەوەشی خستە ڕوو کە “ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی داهاتووی هێزەکانی ماڵی شیعەدا تاوتوێ دەکرێت، ئەگەر هەمووان لەسەری رێککەوتن، ئەوا عەوادی وەک کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەتی نوێ تێدەپەڕێت، بە پێچەوانەشەوە هێزەکانی چوارچێوە دەست دەکەنەوە بە کۆبوونەوەکانیان بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدێک کە جێگەی رەزامەندی هەموو لایەنە شیعەکان بێت.”

لە کۆتاییدا سەرچاوەکە گوتی: “رەزامەندی سەرۆک وەزیران بۆ کشانەوە لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی حکومەت بووەتە هۆی هەڵبژاردنی عەوادی و چەند رۆژی کەمی داهاتوو ئەمە روون دەکەنەوە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

ئه‌مشه‌و له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌فر ده‌بارێت

یاسین

محەممەد بن سەلمان سەردانی واشنتن دەکات و کۆمەڵێک ڕێککەوتنی ستراتیژی بەرگری واژۆ دەکەن

سەڵاح

شیا لابۆف جارێکی دیکە دەستگیرکرایەوە

ART