هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شێخ مەقسوود ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، لە 6ـی کانوونی دووەمی 2026، بەکرێگیراوانی سەر بە حکوومەتی سووریا، بە پاڵپشتی فڕۆکەی بێفڕکەوان و تانک و تۆپ و زرێپۆش و هەموو جۆرە چەکێکی قورس، جگە لە هەزاران بەکرێگیراو، هێرشێکی دڕندانەیان بۆ سەر گەڕەکەکەمان دەستپێکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لەم هێرشانە قڕکردنی گەلەکەمان و دەستکاریکردنی پێکهاتەی دیمۆگرافیای گەڕەکەکە و پێشێلکردنی کەرامەتەکەی بوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانمان لەسەر بنەمای بڕیارێکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، بڕیاریان دا بەرەنگاری ئەو هێزانە ببنەوە و بەرگری لە کەرامەتی خۆیان بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەوکەدا باس لەوەشکراوە، لە بەرامبەر ئەو هێزانە بەرخودانێکی بوێرانە دەستی پێکرد، هێزەکانمان بێ دوودڵی لە بەرگریکردن لە گەڕەک و کەرامەتی گەلەکەمان گیانیان بەخت کرد، هیچ خۆڕادەستکردنێکمان قبوڵ نەکرد و قبوڵیش ناکرێت، هەروەها زانیاری دەربارەی ناسنامەی شەهیدانیش بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لەم شەڕەدا گەلەکەمان تووشی هێرشی دڕندانە بووەوە، کە لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر بریندار و شەهید بوون. بریندارەکان لە نەخۆشخانەی خالید فەجر بوون کە تاکە نەخۆشخانەیە لە گەڕەکەکەدا بۆ وەرگرتنی چارەسەر. بەکرێگیراوان دەیان جار بە چەکی قورس و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر ئەم نەخۆشخانەیە و هەوڵی کۆمەڵکوژیان دا.
ڕاشیگەیاند، لە کۆتاییدا ئاگربەستێکی بەشی ڕاگەیەندرا بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی زیاتر و گواستنەوەی برینداران و مەدەنییەکان و ئافرەتان و منداڵان لە نەخۆشخانە بۆ ناوچە ئارامەکان، هێزەکانمان بەوپەڕی ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئاگربەست کرد، نەخۆشخانەی شەهید خالید فەجریش چۆڵکرا.
لەمەودوا هێزەکانمان بەبێ دوودڵی بەردەوام دەبن لە خەبات بۆ پاراستنی ئیرادەی ئازاد و کەرامەتی گەلەکەمان، شوێن پێی شەهیدەکانمان دەگرن. هێزەکانمان به هەموو شێوەیەک بەردەوام دەبن لە خەبات و خۆڕاگری خۆیان.

