بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ سەپاندنی ڕسوومات لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان، لە پەرلەمانی عێراق واژۆ كۆ كرایەوە و رێكارێكی یاسایی دەگیرێتە بەر. پەرلەمانتارێكیش دەڵێت:” ئەو بریارە کاریگەری نەرێنی لەسەر بارودۆخی ژیان و دۆخی ئابووری هاووڵاتیان دەبێت.”
عەلا ئەلحەیدەری، پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاند:” دەستمان كرد بە کۆکردنەوەی واژۆی پەرلەمانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری حکوومەت، کە ڕسومات و باج بەسەر کاڵا و کەرەستەی هاوردەکراودا دەسەپێنێت، ئەو بریارە کاریگەری نەرێنی لەسەر بارودۆخی ژیان و دۆخی ئابووری هاووڵاتیان دەبێت.”
ئەوەشی خستووەتە ڕوو: “لەبەرئەوەی بڕیارەکەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتیانی کەم داهات کردووە، ئەنجوومەنی وەزیران پێشێلکارییەکی دەستووری ڕوونی ئەنجامداوە.”
عەلا ئەلحەیدەری، ڕوونیشی کردەوە: ” واژۆ لە ژمارەیەک پەرلەمانتار كۆكرایەوە و پێشکەشی سەرۆکی پەرلەمانمان کردووە، ئەویش دەسەڵاتی ڕەوانەکردنی بابەتەکەی بۆ ڕاوێژکاری یاسایی داوە بۆ ئەوەی هەنگاوی ڕێکاری پێویست بنێت.”
جەختی لەوە کردەوە کە : ” ئەنجوومەنی نوێنەران بەرپرسیارێتییەکی نیشتیمانی لە ئەستۆدایە بۆ وەستانەوە بەرامبەر هەر بڕیارێک کە زیان بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەنێت، داواش لە حکوومەت دەكەین بارودۆخی هاووڵاتیان لەبەرچاو بگرێت و بەشداربێت لە گەیشتن بە دادپەروەری و سەقامگیری ئابووری.”

