ساڵی ڕابردوو(2025) بڕی684 هەزار تۆن زبڵ و خاشاک لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر(سەنتەری شار) کۆکراونەتەوە و گەیەنراونەتە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە و لەوێ چارەسەر کراون.
بەپێی ئامارێكی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، لە ساڵی ڕابردوودا تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر تەنیا لە سەنتەری شاری هەولێردا بڕی(684000) شەش سەد و هەشتا و چوار هەزار تۆن خۆڵ و خاشاکیان گواستووەتەوە بۆ زبڵخانەی کانی قڕژاڵە و چارەسەریان كردووە.
پرۆسەی خاوێنكردنەوەی شار، یەكێكە لە پرۆسە بەردەوام و قورسەكانی هەر شارەوانییەك لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا، شاری هەولێر پرۆسەی خاوێنكردنەوە تێیدا ڕۆژانە و بە چڕی بەڕێوە دەچێت، وێڕای ئەوەی بەردەوام ڕێژەی سەوزایی تێدا بەرز دەكرێتەوە و شەقام و پڕۆژەی گەورەی لێ ئەنجام دەدرێت و لە فراوانبووندایە.

