مەلالە یووسفزای، براوەی خەڵاتی نۆبڵ، لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر بە خۆپێشاندانەکانی ئێران نووسیویەتی: “ناتوانرێت خۆپێشاندانەکانی ئێران لە سنووردارکردنە درێژخایەن و سەپێنراوەکانی حکوومەت بۆ سەر سەربەخۆییی کچان و ئافرەتان لە هەموو لایەنەکانی ژیانی گشتی، لەوانەش خوێندن، جیا بکرێتەوە.”
ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بەفرانبار بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت: “کچانی ئێرانی، وەک کچانی هەموو جیهان، خوازیاری ژیانێکی بەشکۆن.”
هەروەها مەلالە یووسفزای ئاماژەی بەوە کردووە خەڵکی ئێران ساڵانێکە بە گیانلەدەستدان و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان، لەبارەی ئەم سەرکوتکارییە هۆشداری دەدەن و دەیان ساڵە دەنگیان کپ کراوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: “ئەم سنووردارکردنانە لە دڵی سیستەمێکی بەربڵاوتری کۆنترۆڵی جێندەریدا جێگیرن کە بە جیاکاری، چاودێری و سزادان پێکهاتووە؛ سیستەمێک کە ئازادی، هەڵبژاردن و ئاسایش زۆر فراوانتر لە پۆلەکانی خوێندن سنووردار دەکات.”

