zagros news agency

راوێژکاری سوودانی: رێژەی هەڵاوسان لە عێراق نزمترینە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی

 

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق رێژەیەکی نزمی هەڵاوسانی تۆمارکردووە کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتووەتە نزیکەی ١.٥٪، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم رێژەیە نزمترینە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی.

 

مەزهەر ساڵح رایگەیاند: “ئابووری عێراق قۆناغێکی بەرچاو لە سەقامگیری نەختینەیی بەخۆوە دەبینێت، بەوپێیەی بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی سندووقی نێودەوڵەتی دراو، رێژەی هەڵاوسان لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتووەتە ١.٥٪، ئەمەش یەکێکە لە نزمترین ڕێژەکان لە ناوچە عەرەبییەکاندا.” ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم دەستکەوتە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی نەختینەیی کە سەرکەوتوو بوو لە پاراستنی سەقامگیری نرخەکان و نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، هەروەها پاراستنی هێزی کڕینی دینار، کە ئەمەش متمانەی بە دراوی نیشتمانی زیاد کردووە و ژینگەیەکی لەبارتری بۆ وەبەرهێنان رەخساندووە.”

 

گوتی: “بڕیارەکانی ئەم دواییەی ئەنجومەنی وەزیران ئامانجیان چارەسەرکردنی ئەوەیە کە بە (هەڵاوسانی وەزیفی) ناسراوە، وەک هەنگاوێک بۆ پاڵپشتی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و باشترکردنی ئاستی داهات.” ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم رێکارانە لە کورتماوەدا ئەنجامی ئەرێنییان دەبێت لەڕێگەی چالاککردنی خواستی ناوخۆیی و بەهێزکردنی متمانەی ئابووری، بەتایبەت ئەگەر لە چوارچێوەی بەردەوامیی دارایی و توانای هەڵگرتنی ئابووریدا پارەیان بۆ دابین بکرێت.

 

راوێژکارەکە روونی کردەوە کە “گەورەترین ئالنگاری بریتییە لە گۆڕینی ئەم سەقامگیرییە نەختینەییە بۆ گەشەی ئابووریی بەرهەمهێن و بەردەوام؛ چونکە دامەزراندنی حکومی ئەگەر پەیوەست نەبێت بە بەرهەمهێنانەوە، لەوانەیە کەلێن لە نێوان خەرجییە گشتییەکان و بەرهەمی ڕاستەقینەدا دروست بکات، و ناسکی ئابووری لەبەردەم گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوتدا زیاد بکات.”

 

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “چارەسەرەکە لەوەدایە کە دامەزراندن ببەسترێتەوە بە بەرنامەکانی مەشق و راهێنان و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت لەڕێگەی چاکسازیی یاسایی و داراییەوە، جگە لە هەمەجۆرکردنی بنکەی ئابووری لەڕێگەی گرنگیدان بە گەشەپێدانی کشتوکاڵی، پیشەسازی گۆڕین، وزەی نوێبووەوە و زیادکردنی دەرفەتەکانی ئابووری دیجیتاڵی.”

 

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە “عێراق ئەمڕۆ خاوەنی دەرفەتێکی دەگمەنی دوو لایەنەیە کە بریتییە لە نزمیی هەڵاوسان و سەقامگیری نەختینەیی”، بەڵام وتیشی: “ئەم دەرفەتە دەکرێت ببێتە دەستکەوتێکی درێژخایەن ئەگەر وەبەرهێنانی تێدا بکرێت بۆ بنیاتنانی بنکەیەکی بەرهەمهێنەری پتەو، بە شێوەیەک کە بەردەوامیی سەقامگیری دارایی و نەختینەیی لە مەودای ناوەند و درێژخایەندا مسۆگەر بکات، و ئابووری لە بازنەی پشتبەستنی ڕەیعی (تەنها بە نەوت) دەربهێنێت و بیخاتە سەر ڕێڕەوی گەشەپێدانی بەردەوام.”

هەواڵی پەیوەندیدار

درووزیی سووریا هێرشی سەر شارۆچکەی جەرەمانای دیمەشق سەرکۆنە دەکەن

یاسین

یونسکۆ گوندێکی کوردستان بە جیهانی دەکات

سەڵاح

ڕاپۆرتێکی نهێنی: ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی زیاد کردووە

یاسین