محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلەی کرد بە مەبەستی تاوتوێکردنی گۆڕانکارییە خێراکانی سووریا و ئەو تەحەددییانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوە، فەرماندە سەربازییەکان، نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە بەڕێوەچوو، کە تێیدا جەخت لە هەماهەنگی نێوان هەموو هێزەکان کرایەوە.
سوودانی دڵنیایی دا کە سنوورە نێودەوڵەتییەکانی عێراق، بەتایبەت سنووری هاوبەش لەگەڵ سووریا، بە تەواوی قایم و پارێزراون. ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزە ئەمنییەکان توانایەکی بەرزیان هەیە بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی دزەکردن بۆ ناو خاکی عێراق، و هۆشداری دا کە هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی سنوورەکان بە توندی وەڵام دەدرێتەوە.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، سوودانی ڕایگەیاند کە تاقمە تیرۆریستییەکان دوای ئەو گورزە کوشندانەی لێیان دراوە، هیچ توانایەکیان نەماوە بۆ ئەنجامدانی هێرش، چ لەسەر سنوورەکان بێت یان لە ناو شارەکاندا. فەرماندەی گشتی ڕێنمایی دا کە پشتیوانی تەواوی ئەو هێزانە بکرێت کە لەسەر سنوورەکان جێگیرکراون و چاودێرییەکی وردی شریتی سنووری بکرێت بۆ پاراستنی ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەدەست هاتووە.
سەبارەت بە هێزەکانی پێشمەرگە، سوودانی جەختی لە گرنگی دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی هێزی پاسەوانی هەرێمی کوردستان کردەوە و داوای کرد پاڵپشتی تەواویان بکرێت وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگری عێراق. ئەم هەماهەنگییە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق لە بەرامبەر هەر مەترسییەکی دەرەکی لەقەڵەم درا.
لە کۆتاییدا، کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر گرنگی سەقامگیری سووریا و داوا لە کۆمەڵگەی عەرەبی و نێودەوڵەتی کرا هەوڵی جیدی بدەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرا و ڕاگرتنی شەڕ و توندوتیژی. هەروەها جەخت کرایەوە کە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سووریا کۆنترۆڵی زیندانەکان توندتر بکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەڵاتنی ئەندامانی تیرۆریست و تاوانباران کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکەن.

