لە هەنگاوێکی دیپلۆماسی گەورەدا، هەریەکە لە وڵاتانی (سعودیە، تورکیا، میسر، ئوردن، ئەندۆنیزیا، پاکستان، قەتەر و ئیمارات) بە فەرمی چوونە ناو “ئەنجومەنی ئاشتی” (Board of Peace) کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دەستپێشخەری بۆ کراوە.
ئەم هاوپەیمانییە نوێیە، کە کۆمەڵێک لە بەهێزترین و کاریگەرترین وڵاتانی جیهانی ئیسلامی و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەخۆدەگرێت، ئامانج لێی داڕشتنەوەی نەخشە ڕێگایەکی نوێیە بۆ چەسپاندنی ئاشتی، سەقامگیریی ئەمنی و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لە ناوچەکە و جیهاندا.
شارەزایانی سیاسی پێیان وایە کۆبوونەوەی ئەم وڵاتانە لە ژێر چەتری دەستپێشخەرییەکەی ترەمپدا، ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێز و هەوڵێکە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ درێژخایەنەکان لە ڕێگەی لێکتێگەیشتنی ڕاستەوخۆ و هاوبەشیی ستراتیژییەوە.
چاوەڕوان دەکرێت “ئەنجومەنی ئاشتی” لە قۆناغی داهاتوودا ڕۆڵی سەرەکی هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشە ناوچەییەکان و دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە ئەمنی و ئابوورییەکان کە ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە.

