سوپای ئیسرائیل لە درێژەی پرۆسەی پێشێلکردنی ئاگربەست لە کەرتی غەزە، چەندین ناوچەی کردە ئامانجی هێرشی ئاسمانی و زەمینی.
بە گوتەی شایەتحاڵان، بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر خاڵە جیاوازەکانی شاری غەزە، کەمپی پەنابەرانی بوریج و شاری خان یوونس. سوپای ئیسرائیل ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری خان یوونسی بۆردوومان و تۆپباران کردووە، هەروەها ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیلیش تەقەیان لە هاووڵاتییانی مەدەنی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کەمپی پەنابەرانی بوریجیش کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل. لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەزە، گەڕەکەکانی زەیتوون و شوجاعییە کەوتوونەتە بەر هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانی تۆپخانەکان و بەپێی ڕاپۆرتەکان دەنگی تەقینەوەی یەک لەدوای یەک لەم ناوچانەدا بیستراوە. تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە زیانی گیانیی ئەگەری یان برینداربوونی هاووڵاتییان بەهۆی ئەم هێرشانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

