zagros news agency

ئیکۆ عێراق: 15 ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵیی عێراق پشتگوێ خراون

 

روانگەی ئیکۆ عێراق رایگەیاند، کۆی گشتیی زەوییە شیاوەکان بۆ کشتوکاڵ لە وڵاتدا دەگاتە نزیکەی 28 ملیۆن دۆنم، بەڵام ئەو رووبەرانەی بە کردەیی لە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیدا بەکاردەهێنرێن لە 13 ملیۆن دۆنم تێپەڕ ناکەن، ئاماژەشی بە بوونی پێنج هۆکاری سەرەکی کرد لە پشت پاشەکشەی چالاکیی کشتوکاڵی لە عێراق.

روانگەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، “ژمارەی زەوییە شیاوەکان بۆ کشتوکاڵ 28 ملیۆن دۆنمە، بەڵام زیاتر لە نیوەی بەکارنەهێنراوە، چونکە تەنیا 13 ملیۆن دۆنم دەکرێتە کشتوکاڵ”، روونیشیکردەوە، “زەوییە کشتوکاڵییەکان لە عێراق دابەش دەبن بەسەر دوو بەشدا، زەوی دێمی کە پشت بە ئاوی باران دەبەستێت، وەک ئەوەی لە پارێزگاکانی موسەننا و سەلاحەددین هەیە.”

روانگە ئاماژەی بەوەشکرد، “بەشەکەی دیکە بریتییە لە زەوییە بەراوەکان کە پێی دەڵێن (ئاوێری) و پشت بە رووبار و تۆڕەکانی ئاودێری دەبەستن، وەک پارێزگای واست کە بە یەکێک لەو پارێزگایانە دادەنرێت کە زۆر پشتی بەم جۆرە کشتوکاڵە بەستووە.”

روانگەکە لە راگەیەندراوەکەیدا باسی لەوەشکردووە، “پێنج هۆکار لە پشت کەمیی کشتوکاڵەوەن لە وڵاتدا، کە بریتین لە کەمئاوی، کەمبارانی، وشکەساڵی، گۆڕانی کەشوهەوا، لەگەڵ لاوازیی پاڵپشتیی حکوومەت”.

روونیشیکردەوە “لاوازیی پاڵپشتیی حکوومەت لە نەبوونی پلاندانانی کشتوکاڵیی درێژخایەن و بەشنەکردنی هاوکاریی جووتیاران بە تۆو و پەین و بەبازاڕکردن دەردەکەوێت”، هەروەها وتی “کێشەکانی نرخدانان و کڕینەوەی بەرهەمەکان، لەگەڵ پەرەنەپێدانی ناوچە گوندنشینەکان، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ناچار بە کۆچکردن بەرەو شارەکان کردووە”.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا روانگەکە جەختی کردەوە لەسەر “پێویستیی دانانی ستراتیژێکی نیشتمانیی بەپەلە بۆ بەڕێوەبردنی ئاو و کشتوکاڵ کە نوێکردنەوەی تۆڕەکانی ئاودێری لەخۆبگرێت”، هەروەها “پشت بەستن بە تەکنەلۆژیا نوێیەکان، پاڵپشتیکردنی ئەو بەرهەمانەی کەمتر ئاو دەبەن، هاندانی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی و گەشەپێدانی ناوچە گوندنشینەکان”.

روانگەی ئیکۆ عێراق بە یەکێک لە دامەزراوە میدیایی و توێژینەوەکان دادەنرێت کە تایبەتمەندە بە شیکردنەوەی ئەدای ئابووری لە وڵات، و تەرکیز دەکاتە سەر نرخی نەوت و کاریگەریی لەسەر بودجە، سەرەڕای بەدواداچوون بۆ ئەدای بانکە عێراقییەکان و ڕۆڵیان لە پاڵپشتیکردنی ئابووری و دابینکردنی دارایی بۆ پرۆژەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشناسی : ئەگەری بارانبارین و هەورە تریشقە هەیە

سەڵاح

كاركردن لە پرۆژە گەورەكەی ئاوی ئاكرێ و دەوروبەری بەردەوامە

سەڵاح

پەرلەمانی عێراق: یاسای پاسپۆرتی دیپلۆماسی هەموار دەكەینەوە

سەڵاح