عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا دووپاتی لەسەر پێویستی پاراستنی یەکێتی و سەروەری سووریا دووپاتکردەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئانادۆڵو، عومەر چەلیک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕی پارتەکە بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان ، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕوونی کردەوە، پاراستنی سووریایەکی یەکگرتوو و پاککردنەوەی ناوچەکە لە تیرۆر دوو چەمکی تەواوکەر و جیانەکراوەن، ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێویستە هەموو چین و توێژەکانی گەلی سووریا هاوبەشی یەکسان بن لە دیاریکردنی داهاتوودا لە وڵاتەکەیان.
گوتەبێژی داد و گەشەپێدان، جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوون لە شەڕی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کردەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە هەر هەڵوێستێک دژ بە یەکڕیزی سووریا و سوپاکەی، هەڕەشەیە بۆ هەردوو ئاسایشی نەتەوەیی سووریا و تورکیا.
چەلیک پیشتریش گوتبوی، یەکێتی ناوخۆیی سووریا و ئاشتی کۆمەڵایەتی و پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا لە پێشینەی کارەکانی تورکیا و کلیلی سەقامگیری ناوچەکە پێکدەهێنن.

