جۆ ویڵسۆن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا و ئەو کەسایەتییەی کە بە هەڵگری ئاڵای ڕزگارکردنی عێراق لە هەژموونی ئێران دەناسرێت، هەڵوێستێکی توندی لەبارەی داهاتووی سیاسیی عێراق ڕاگەیاند. ویڵسۆن پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ بڕیارەکەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ نیشان دا لە ڕەتکردنەوەی کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و جەختی کردەوە کە ئەمجارە هەڵوێستی واشنتن بەرامبەر بەغدا ڕوون و بێ تەمومژ دەبێت.
کۆتاییهاتنی دەستوەردانی دەرەکی
ویڵسۆن لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەردەمی سەپاندنی سەرۆک وەزیران بەسەر عێراقدا لە ئاستی دەرەکییەوە بەسەرچووە. گوتیشی: “پێویستە سەرکردە عێراقییەکان هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەکەنەوە و وا تێنەگەن کە هەڵوێستی ئەمەریكا جێگەی دانوستانە، لە سەردەمی ترەمپدا، چیتر چاوپۆشی لە هەژموونی ئێران ناکرێت.”
کۆنگرێسمانە ئەمەریکییەکە حەفت خاڵی بنەڕەتی دیاری کردووە کە دەبێت حکوومەتی داهاتووی عێراق جێبەجێیان بکات بۆ ئەوەی ببێتە حکوومەتێکی جێ متمانە، ئەوانیش:
یەكەم، چەککردنی گرووپە چەکدارەکان: هەڵوەشاندنەوە و داماڵینی چەکی هەموو ئەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە ئێرانن لە ماوەی ٦ بۆ ١٢ مانگدا.
دووەم، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی: ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە لە تەواوی دامەزراوەکانی عێراقدا بێ جیاوازی.
سێیەم، سەربەخۆیی دادوەری: پێکهێنانی سیستمێکی دادوەریی سەربەخۆ کە نەکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ حزب و گروپێکی سیاسی و تەنها یاسا سەروەر بێت.
چوارەم، نەهێشتنی هەژموونی ئێران: دوورخستنەوەی سەرجەم ڕاوێژکار و بریکارەکانی ئێران لە ناو جومگەکانی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکان.
پێنجەم، ڕێکخستنەوەی حەشدی شەعبی: دەستنیشانکردنی ڕۆڵی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی هێزە چەکدارەکاندا بە شێوەیەک کە تەنها یەک فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی هەبێت و هیچ هێزێکی هاوتەریب نەمێنێت.
شەشەم، کابینەی نیشتمانی: دەستنیشانکردنی وەزیرەکان لەسەر بنەمای لێهاتوویی و دڵسۆزی بۆ دەوڵەت، نەک بۆ حزب و تاقمەکان.
حەفتەم، پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ واشنتن: پابەندبوون بە بونیادنانی پەیوەندییەکی ئابووری و ئەمنی و ستراتیژیی بەهێز لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

