دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، تاوتوێی وەشاندنی گورزێکی نوێی گەورە بۆ سەر ئێران دەکات دوای ئەوەی پەیوەندییە سەرەتاییەکانی نێوان واشنتن و تاران سەبارەت بە سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی و بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی لە بەدیهێنانی پێشکەوتن شکستیان هێنا، ئەمەش بەپێی ئەوەی کە تۆڕی (CNN) ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە گواستوویەتییهوه.
تۆڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە گفتوگۆ ههبووه بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان عەباس عهرهقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف نێردەی ئەمریکا، بەڵام ئامانجى گفتوگۆكان نههاته دی و كۆبوونهوهكه نهكرا. لە کاتێکدا واشنتن و تاران لە ڕێگەی نێوەندگیرە عومانییەکانەوە پەیامیان ئاڵوگۆڕ کردووە بۆ دوورکەوتنەوە لە هێرشێکی نوێ. عهرهقچی لای خۆیەوە جەختی کردووەتەوە کە هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەنجام نەدراوە و تاران داوای دانوستانی نەکردووە، بەڵام نێوەندگیرەکان لەسەر هێڵن و بە نیازپاکییەوە هەوڵ دەدەن.
هەر بەپێی زانیارییەکان، ئێران هەوڵ دەدات پێگە ئەتۆمییەکانی لەژێر زەویدا دووبارە بونیاد بنێتەوە، ئەمەش وای کردووە ترامپ بە جدی بیر لە وەشاندنی گورزى سهربازی بکاتەوە کە ئامانج لێی سەرکردەکان، بەرپرسانی ئەمنی، بنکە ئەتۆمییەکان و دامەزراوە حکوومییەکانە.
دۆناڵد ترامپ، سهرۆكی ئهمریكا، پێشتر هۆشداری دابوو کە هێرشی داهاتوو زۆر خراپتر دەبێت لەوەی هاوینی ڕابردوو، چونکە ئێستا بژارە سەربازییەکانی فراوانتر بوون بەهۆی بوونی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
هاوکات ئاژانسی (ڕۆیتەرز) ئاشکرای کردووە کە ترامپ دەیەوێت ژینگەیەک بۆ (گۆڕینی ڕژێمی ئێران) بڕەخسێنێت لە ڕێگەی لێدانی ئەو دامەزراوانەی بەرپرسن لە توندوتیژی تاوەکوو متمانە بە خۆپیشاندەران ببەخشێت بۆ کۆنترۆڵکردنی باڵەخانە حکوومییەکان، هەرچەندە بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە تەنها هێرشی ئاسمانی بەس نییە بۆ ڕوخاندنی ڕژێم و پێویستی بە فشاری ناوخۆیی و ئۆپۆزسیۆنی ڕێکخراو هەیە.

