zagros news agency

ڕوانگەی ئیکۆ مووچەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقی ئاشکرا کرد

ڕۆژی شەممە، 31-1-2026، ڕوانگەی “ئیکۆ عێراق” ئامارێکی شۆککەری بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە مووچەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (سەرۆکایەتی کۆمار، پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران) نزیکەی ١١.٥٪ی کۆی گشتیی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت پێکدەهێنێت، و ئەو مووچانەی بە “بەرز و بێ پاساو” وەسف کرد بەراورد بە هاووڵاتیی ئاسایی.

ڕوانگەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕوونی کردەوە: “کۆی گشتیی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت تا مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، گەیشتووەتە نزیکەی ٥٦ ترلیۆن دینار.”

سەبارەت بە وردەکاریی مووچەی سەرۆکایەتییەکان، ئاماژەی بەوە داوە: “مووچەی ئەنجومەنی وەزیران نزیکەی ٥.٩ ترلیۆن دینار، ئەنجومەنی نوێنەران ٠.٥ ترلیۆن دینار و سەرۆکایەتی کۆمار ٠.٠٤ ترلیۆن دینار بووە. بەمەش کۆی مووچەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە دەگاتە ٦.٤٦ ترلیۆن دینار.”

بەهەدەردانی سامانی گشتی

ڕوانگەی ئیکۆ پێی وایە: “ئەم خەرجییە خەیاڵییانەی سەرۆکایەتییەکان لەسەر حساب و پشکی ئەو خزمەتگوزارییە گشتییانەیە کە هاووڵاتی بە شێوەیەکی راستەوخۆ پێویستییەتی، ئەمەش بە جۆرێک لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دادەنرێت.”

ڕوانگەکە دەشڵێت: “ئەم دامەزراوانە (سەرۆکایەتییەکان) ڕاستەوخۆ خزمەتگوزاری پێشکەش ناکەن و هاووڵاتی هەست بە خزمەتەکانیان ناکات، لەکاتێکدا ملیۆنان فەرمانبەر لە بەرامبەر کارە ڕۆژانەکانیاندا مووچەیەکی کەم وەردەگرن.”

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە ڕەنگدانەوەی کەلێنێکی ڕوونە لە ئەولەویەتەکانی خەرجیی حکومەت و نیشانەی پرسیاری گەورە دەخاتە سەر دادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتە گشتییەکاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار

پڕۆژەی ڕووناکی ( کارەبای 24 کاتژمێری) گەیشتە زاخۆ

یاسین

کۆمیسیۆن پێنج هەزار دینار بۆ رووماڵی هەڵبژاردن وەردەگرێت

یاسین

راگەیندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

یاسین