ڕووسیا ڕایگەیاند، لە هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی پەیوەست بە ئێران بەردەوامە و جارێکی دیکە ئامادەیی خۆی بۆ کۆگاکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران نیشان داوە.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرملین، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا مۆسکۆ لەگەڵ تاران و واشنتن لە گفتوگۆدایە بۆ ئەگەری گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ ڕووسیا، گوتی: “ئەم بابەتە لەمێژە لە بەرنامەدایە”.
پیسکۆڤ ئاماژەی بەوەش دا، ڕووسیا لە ئێستادا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەردەوامە و هێشتا بە هەموو توانایەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی دەوروبەری ئێران هەوڵ دەدات.
ئەمڕۆ لە ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پرسیرا کە ئایا لە سەردانی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ مۆسکۆ، سەبارەت بە گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ ڕووسیا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نوێدا گفتوگۆ کراوە یاخود نا.
ناوبراو لە وەڵامدا گوتی: “ئەم دەنگۆیە پێشتریش باس کرابوو… سەبارەت بە بابەتی ماددە پیتێنراوەکان، ئەمە یەکێکە لەو بابەتانەی کە بە سروشتی خۆی لە دانوستانێکدا یەکلایی دەکرێتەوە. پێش ئەوەی دانوستان بکرێت، ئێمە ئەنجامەکەی ڕاناگەیەنین. ئەنجام لە چوارچێوە و پڕۆسەی دانوستاندا بەدەست دێت، نەک ئەوەی پێشوەختە ئەنجام دیاری بکەین و دواتر بخوازین بچینە ناو پڕۆسەی دانوستانەوە”.

