نووسینگەی ڕاگەیاندنی فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، ڕۆژی سێشەممە ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە لە هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە بوونی جیاوازیی بیروڕا لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار.
نووسینگەی ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ئەو دەنگۆیانە “دوورن لە ڕاستی و واقیعەوە” و لە چوارچێوەی ئیدیعا و لێکدانەوە نادروستەکاندا پۆلێن دەکرێن، داواشی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردووە کە لە گواستنەوەی هەواڵەکاندا وردبن و پێش بڵاوکردنەوەیان لە سەرچاوەکان دڵنیاببنەوە.
هەر بەپێی بەیاننامەکە، ئەترووشی جەختی کردووەتەوە کە هەر بڕیارێک لەلایەن سەرکردایەتی کوردستان و سەرۆک مەسعود بارزانییەوە سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار دەربچێت، “پاپەندبوونمان پێوەی دەبێت و کاری لەسەر دەکەین بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی بکات”.

