ڕێکخراوێکی ناحکوومی، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە چوارچێوەی هەڵمەتە ئەمنییەکانیاندا دژی خۆپیشاندەران، زیاتر لە ٥٠ هەزار کەسیان دەستگیر کردووە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە پرۆسەی دەستگیرکردنەکان هێشتا بەردەوامە.
گرووپەکانی مافی مرۆڤ، هێزە ئەمنییەکانی ئێران تۆمەتبار دەکەن بە کوشتنی هەزاران کەس لە کاتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا، کە لە ٨ و ٩ی کانوونی دووەمدا گەیشتبوونە لوتکە و لەو کاتەوە تا ڕاددەیەک کەم بوونەتەوە.
لەلایەکی ترەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران دانیان بە کوژرانی زیاتر لە سێ هەزار کەسدا ناوە، بەڵام دەڵێن زۆربەیان لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان یان ئەو هاووڵاتییانە بوون کە لە “کردەوەی تیرۆریستی”دا کوژراون، هەروەها ئەنجامدەرانی ئەو کردەوانە بە کارکردن بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن.
هێزەکانی پۆلیس لە سەرانسەری وڵاتدا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانیان دەستگیر کردووە. لەمبارەیەوە ئاژانسی هەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤ (هرانا) بڵاوی کردەوە، تا ئێستا ٥٠ هەزار و ٢٣٥ کەس پەیوەست بە خۆپیشاندانەکان دەستگیر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، دەستگیرکردنەکان “کۆمەڵێکی بەرفراوان لە هاووڵاتییانی گرتووەتەوە، لەوانە قوتابییان، نووسەران و مامۆستایانی زانکۆ”. هەروەها ئەوەش هاتووە: “لە هەندێک حاڵەتدا، دەستگیرکردنەکان پشکنینی ماڵان و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی کەسیی لێکەوتووەتەوە”.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ٣٠٠ حاڵەتی وەرگرتنی “دانپێدانانی زۆرەملێ”یان تۆمار کردووە، کە تێیدا دەستگیرکراوەکان دوای ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی، ناچارکراون لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە قسە بکەن و دان بە تاوانەکاندا بنێن.

