لە کاتێکدا عێراق لە ناوجەرگەی قەیرانە سیاسییەکاندا دەکوڵێت، جارێکی دیکە دۆسیەی “مووچە” وەک گەورەترین مەترسیی سەر بژێویی خەڵک گەڕایەوە ناو ڕۆژەڤی میدیاکان و سێبەری ترس و دڵەڕاوکێی خستە سەر بازاڕەکانی وڵاتەکە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئابووریی ڕۆژنامەی (عالەم ئەلجەدید)، کێشەی دواکەوتنی مووچە لە گرفتێکی کاتیەوە تێپەڕیوە و بووە بە نیشانەی هەرەسی “ژێرخانی ئابووری”ی وڵاتەکە کە بە تەواوی پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە و هەر دابەزینێکی نرخ یان دواکەوتنی پارەی فرۆشراو لەلایەن بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە، ڕاستەوخۆ شادەمارەکانی ئابووریی ژیانی 9 ملیۆن هاووڵاتی دەوەستێنێت.
ڕۆژنامەی (عالەم ئەلجەدید) لە زاری جەمال کۆچەر ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراقەوە ڕوونی کردووەتەوە:” کەڵەکەبوونی چەند هۆکارێکی وەک گۆڕانکارییە داراییەکان و جێبەجێکردنی سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانی گومرگ< فشاریان خستووەتە سەر توانای حکوومەت بۆ خەرجکردنی نەختینە.”
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: شکستی بەغدا لە دابینکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا تەنیا کێشەی مووچەی فەرمانبەر نییە، بەڵکوو دەبێتە هۆی پەککەوتنی تەواوی “جووڵەی بازاڕ” چونکە ٪٦٠ی ئابووریی ناوخۆیی عێراق ڕاستەوخۆ بە مووچەی فەرمانبەرانەوە بەستراوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، مستەفا فەرەج، شارەزای ئابووری لەمیانی لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی (عالەم ئەلجەدید) ڕوونی کردووەتەوە: عێراق گیرۆدەی “ئابوورییەکی تاک سەرچاوەیە” و بودجەی بەکاربردن گەیشتووەتە ٪٨٠ی کۆی خەرجییەکان، کە ئەمەش مەترسیدارترین جۆری بودجەیە.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو: خەرجییەکانی دەوڵەت زۆر زیاترن لەو داهاتەی دێتە ناو گەنجینەی حكوومەتی عێراقەوە، بە جۆرێک کورتهێنانی ڕاستەقینە تەنیا لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵدا گەیشتووەتە زیاتر لە ١٧ تریلیۆن دینار و ئەگەر حکوومەت پەنا بۆ کەمکردنەوەی خەرجیی پلەباڵاکان نەبات، ئەوا مانگەکانی داهاتوو دەبنە “مانگی کوشندە” بۆ دارایی وڵاتەکە.

