وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ هاوبەشانی کارەبا ڕایگەیاند، کە نرخی یەکەی کارەبا وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، بەڵکوو نرخەکان بەپێی ئەو یاسایەیە کە لە ڕۆژنامەی “وەقایعی کوردستان” بڵاو کراوەتەوە و مانگانە ئەژمار دەکرێت.
وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە، سیستەمی پێدانی کرێی کارەبا بە شێوازی “ئۆنلاین” هەنگاوێکی پێشکەوتوو و شەفافە، کە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاووڵاتییان دەکات تاوەکوو بەبێ سەردانی فەرمانگەکان کرێی کارەباکەیان بدەن.
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی بڕی پسوولەکانی مانگی کانوونی دووەم (مانگی یەک)، وەزارەتی کارەبا ڕوونی کردەوە کە هۆکارەکەی بۆ شەپۆلی سەرما و دابەزینی پلەکانی گەرما دەگەڕێتەوە، کە وای کردووە هاوبەشان بڕێکی زۆرتر کارەبا بەکار بهێنن.
هەروەها جەختی کردەوە کە هەر هاوبەشێک تێبینی یان گرفتێکی لە بڕی پسوولەکەی هەبێت، دەتوانێت سەردانی فەرمانگەکانی فرۆشتنی کارەبا بکات و تیمە تایبەتەکان گرفتەکەی بۆ چارەسەر دەکەن.
لە کۆتاییشدا داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ ئەوەی بارگرانیی داراییان بۆ دروست نەبێت، بەپێی پێویست کارەبا بەکار بهێنن.

