محەمەد شیاع سوودانی جەختی کردەوە کە گواستنەوەی زیندانیانی گرووپی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق بە بڕیارێکی عێراقی بووە، داواشی لەو وڵاتانە کرد کە پەیوەندیدارن هاوکاری بکەن لەم دۆسیەیەدا و هاوڵاتییانی خۆیان وەربگرنەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: “محەمەد شیاع سوودانی پێشوازی کرد لە ماهر سالم تەراونە، باڵیۆزی ئوردن لە عێراق کرد و لە میانی دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەو بوارانەی جێگەی بایەخی هاوبەشن، هەروەها بەهێزکردنی هاوکارییە سێ قۆڵییەکەی نێوان عێراق، ئوردن و میسر، کە کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.”
هەروەها روونی کردەوە: “سوودانی جەختی لە پەرۆشی عێراق بۆ ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەقامگیرییەکەی کردەوە”، ئاماژەی بەوەش کرد کە “گواستنەوەی زیندانیانی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق بە بڕیارێکی عێراقی بووە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی، داواشی لە وڵاتانی پەیوەندیدار کرد هاوکاری بکەن لەم دۆسیەیەدا و هاوڵاتییانی خۆیان وەربگرنەوە.”

