ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-2-2026، نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بە بەکارهێنانی دەستەواژەی “یەک سوپا” لە نوێترین پەیامیدا، مشتومڕێکی سیاسی گەورەی لە عێراق دروست کردووە و چاودێرانیش دەپرسن: ئایا ئەمە سەرەتایەک ئامادەکارییە بۆ هەڵوەشاندنەوە یان دەرکردنی حەشدی شەعبی لە هاوکێشە سەربازییەکە؟
مالیكی لە وەڵامی پرسیاری میدیاکاندا ڕایگەیاند، کلیلەی سەقامگیریی عێراق لەوەدایە چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت و “سوپایەکی یەکگرتوو” هەبێت کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان بکات و تەنها فەرمان لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان وەربگرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە ژینگەیەک بۆ وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە دەڕەخسێنێت.
ئەوەی بووەتە جێی سەرنجی ناوەندە سیاسییەکان، بەکارهێنانی دەستەواژەی “سوپای یەکگرتوو” یان “یەک سوپا”یە (الجيش الواحد). لێکدانەوەکان بۆ ئەوە دەچن کە مالیكی وەک کاندیدی سەرۆک وەزیران، دەیەوێت پەیامێکی دڵنیایی بداتە لایەنە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە تێبینی لەسەر گەڕانەوەی ئەو هەیە بۆ دەسەڵات.
بە بڕوای چاودێران، ڕەنگە مالیكی پڕۆژەیەکی پێ بێت بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناو سوپای عێراقدا، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ جێبەجێکردنی مەرجە نێودەوڵەتییەکان و کەمکردنەوەی ناڕەزایەتییەکانی ئەمریکا، تاوەکو ڕێگە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران خۆش بکات. پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەم پێشنیارەی مالیكی کاردانەوەی توندی هێزە چەکدارەکان و گرووپە جیاوازەکانی لێ بکەوێتەوە.
You sent

