zagros news agency

لە دیوانی پارێزگای هه‌ولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە هاتنى مانگى ڕەمەزان ئەنجامدرا

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.2.12، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، سەبارەت بەهاتنى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان و نرخى کەل و پەل و کاڵا و پێداویستییەکانى هاوڵاتییان کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، دواى گفتوگۆکردن لە بارەى ڕەوشى بازاڕ و نرخ و جۆرەکانى خۆراك و پێداویستییەکانى هاوڵاتییان، پارێزگارى هەولێر، جەختى لە توندکردنى چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان لە هەموو شوێنەکان کردەوە و بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوە گەیشتە ئەو بڕیارانەىلای خوارەوە:-

یەكەم/ لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان دەوامی فەرمی لە دام و دەزگا و فەرمانگەكانی حكومەت لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ ماوەی یەك كاتژمێر كەم دەكرێتەوە و لەكاتژمێر 9ی بەیانی دەست پێدەكات.

دووەم/ لیژنەی قائیمقامیەتەکان، بازرگانى، شارەوانى، تەندروستى، و لایەنەکانى دیکەى پەیوەندیدار، بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان لە ڕۆژانی ئاسایی بەر لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان زیاتر.

سێیەم/ نابێت ڕێگە بە هیچ کەسێک بدرێت، مانگى پیرۆزى ڕەمەزان، بقۆزیتەوە و یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و کەل و پەل و پێداویستی لە سەر هاوڵاتییان گران بکات.

چوارەم/ ڕێکارى یاسایی پێویست بەرامبەر هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەگیرێتەبەر کە یارى بەبازاڕ دەکەن و نرخی خۆراک و پێداویستی لە سەر هاوڵاتییان زیاد دەکەن.

پێنجەم/ لە پێناو پاراستن و سەلامەتى گیانى هاوڵاتیان و ڕێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوه‌ بەسەرچوو و بێ کوالێتی، هەڵمەتى لیژنەکان و بەدواداچوون و پشکنین بۆ کۆگاکانى ( خۆراک ، درمان ، مۆڵ، مارکێت ) و شوێنەکانى ترى هاوشێوەیان لە ناو شار و دەرەوەى شار زیاتر و توندوتۆڵتر دەكرێت.

شەشەم/ لە بازگەکان چاودێرى تووند بکرێت و ڕێگە نەدرێت خۆراک و کەل و پەلى ماوە بەسەر چوو هاوردەى سنوورى پارێزگاى هەولێر بکرێت.

حەوتەم/ تیمەکانى شارەوانى زێدەتر لە ڕۆژانی ئاسایی بەر لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە ڕێکخستنى بازاڕ و چاودێریکردنى شوێنە گشتیەکان و  پاککردنەوەى نێو بازاڕ و شوێنە گشتیەکان بەردەوام دەبن.

هەشتەم/ کوشتارگەى هاوچەرخى هەولێر و فێتەرنەرى بە هاوبەشى لەگەڵ لیژنە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەکو ساڵان ڕێو شوێنى پێویست بگرنەبەر.

نۆیەم/ هێزەکانی ( ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ ) لە پێناو پاراستنى ئارامى و ئاسایشى شار و سەر و ماڵ و گیانى هاوڵاتیان، هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست دەگرنەبەر لە شەوانى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان.

دەیەم/ کردنەوەى بازاڕى شەوانى ڕەمەزان لە سەنتەرى شار لەلایەن سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، لە ڕووى ڕێکخستن و ڕێکارەکانى، ئەوساڵ باشتر و چاكتر لە ساڵانی ڕابردوو بە باشى و بەبێ کەم و کوڕى بەڕێوەدەبرێت.

یازدەهەم/ مزگەوتەكان تەنها لە ( 10 ) شەوی كۆتایی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەرگایان كراوە دەبێت تا نوێژی بەیانی و جگە لە پێش نوێژ و وتارخوێنی فەرمی مزگەوتیش هیچ كەسی تر بۆی نییە مەراسیم و چالاكی ئایینی و تەراویح ئەنجام بدات.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی لە بەغدا بێسەروشوێنبووە

یاسین

کاردانەوە جیهانییەکان بەرانبەر هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران

یاسین

به‌وێنه‌… لە هەولێر هاولاتییانی سوری به‌هۆی رووخانی ئه‌سه‌د دلخۆشی خۆیان دەردەبرن

سەڵاح