نوێنەری جووتیارانی کەرکووک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کاتی بەڵێن و چاوەڕوانی کۆتایی هات، چونکە سێ مانگ لێرە وەستاوین و بەڵێنی فەرمیمان پێدرا، بەڵام بۆمان دەرکەوت ئەم بەڵێنانە تەنیا بۆ کات بەڕێکردن بوون.
گوتیشی: بەرهەمی گەنمی ساڵی 2025 کە بە ئارەقەی نێوچەوان و ماندووبوونی ئێمە بەرهەم هات بۆ دابینکردنی نانی هاووڵاتیان، تاوەکو ئێستاش پارەکە لە نێوان وەزارەتەکان دەستی دەستی پێدەکرێت و بۆمان خەرج ناکرێت، ئەمەش جێگەی نیگەرانییە و جووتیارانی کەرکووک بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان کەوتوونەتە ژێر باری قەرزی نووسینگەکانی فرۆشتنی پەینی کیمیایی و پێداویستییە کشتوکاڵییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، جووتیارانی کەرکووک مایەپووچبوون و باریی داراییان زۆر خراپە، تەنانەت توانای دابینکردنی بژێوی خێزانەکانیان نەماوە.
داواکارییەکانیان لە چەند خالێک کۆکردووەتەوە.
1-داوادەکەین تەواوی شایستە داراییەکان بەبێ هیچ دواکەوتن و جیاکارییەک خەرج بکرێت، گوتیشی ئێمە چاوەرێی خشتەی دیاریکراو دەکەین نەک قسەی باق و بریق.
2- هەموو بەڵینێکی زارەکی بە توندی رەتدەکەینەوە، هەر دواکەوتنێکی دیکە بە هەوڵێ ئەنقەستی بڕینی بژێوی هەزاران خێزان دەزانین.
3- ئەم گردبوونەوەیەمان دوایین ئاگادار کردنەوەیە، ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوودا هەنگاوی کرداری نەبینین، ناچاردەبین پەنا ببەینە مانگرتنی سەرتاسەری و داخستنی شێنە هەستیارەکان.
4- بێدەنگبوون لە ئاست مافەکانمان، وێرانکردنی کەرتی کشتوکاڵە لە پارێزگاکەماندا و ئێمە رێگەی پێنادەین.

