ئەندامێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا رای دەگەیەنێت كە وڵاتەكەی بڕیاری خۆی لەبارەی ئێران داوە، ئەگینا ئەو هەموو كەشتییە جەنگییە لەبەر خۆشیی كەشوهەوای ئەم وەرزە نەهاتوونەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لیندزی گراهام، ئەندامی كۆنگرێسی ئەمەریكا، بە (سكای نیوز)ی راگەیاند، ئەمەریكا بڕیاری خۆی لەبارەی ئێران داوە، ئەگینا ئەو هەموو كەشتییەی نەدەهێنایە ئاوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بە گاڵتەشەوە باسی لەوە كردووە كە لەبەر جوانیی كەشوهەوای ئەم وەرزە، كەشتییە جەنگییەكان نەهاتوون، بەڵكوو پرۆژەیەكی هاوبەشی ئەمەریكا و ئیسرائیل هەیە ”بۆ ئەوەی هاوكار بن لە لاوازكردنی تواناكانی ئێران لەسەر كوشتنی گەلەكەی“ ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی ئێران.
هەروەك ئەوەشی خستە ڕوو كە خاڵی جیاكەرەوە لەبارەی ئێران ”چەند هەفتەیەك لێمانەوە دوورە نەك چەند مانگێك. بۆیە من لێرەم و ناخەوم، چونكە ئێمە لەبەردەم دۆخێكین كە دەكرێ بەرەو باشتر بڕوات یانیش بەرەو خراپتر بچێت. كاتێك ترەمپ گوتی لە ناڕەزایەتییەكانتان بەردەوام بن، هاریكاری لە ڕێگەیە، بژارەی ئەم ناوچەیەی بە روونی دیاری كرد. هەروەها گوتی ئێمە پێویستیمان بە سەركردایەتییەكی نوێیە لە ئێران و باشترین ڕێگە بۆ ئەوەی ئێران مەزن ببێت، ئەوەیە كە خەڵك كلیلی دۆخەكە بەدەست بگرێت.“
باسی لەوەش كرد كە بابەتی دەسەڵاتی ئاییندەی ئێران بۆ گەلی ئێران جێدەهێڵدرێت و گوتی: ”دەبێ پێش رووداوەكان نەكەوین. رۆژی دوای رووخانی رژێم لە ئێران زۆر ئاڵۆز دەبێت. ئەركی ئەمەریكا نییە كە ئێرانێكی نوێ دروست بكات، ئەركم ئەوەیە كە دەرفەتی ئەوەیان بۆ دروست بكەم كە ئێرانێكی نوێ بونیاد بنێن. ئەمە ئەو چركەساتە مێژووییەیە، بابەتەكە لە دەستمانە، ئێمە لە ١٨ی شوباتداین، لە ٣٠ رۆژی داهاتوودا ئەگەر نەگەینە چارەسەرێك لەبارەی دۆسیەی ئێران، پێموایە كە دەرفەتەكە لەدەست دەچێت.“

