بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەشکردنی بەشەخۆڕاکی تازە ڕادەگەیەنێت و دەڵێت: “هیچ بەشەخۆراکێکی تایبەت بە مانگی ڕەمەزانمان لە بەغداوە بۆ نەهاتووە.”
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: “دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی یەکەمی ئەمساڵ کراوە و لە ڕێگەی بریکارەکانەوە بەشەخۆراک دەگاتە هەموو هاووڵاتیان.”
ساڵانی پێشوو هەندێک مادەی خۆراک تایبەت بە مانگی ڕەمەزان دابەش دەکران، لەمبارەیەوە نەوزاد شێخ کامیل جەختی کردەوە: “تاوەکوو ئێستا هیچ بەشەخۆراکێکی تایبەت بە مانگی ڕەمەزانمان لە بەغداوە بۆم نەهاتووە، بۆیە مادەکانی خۆراک هاوشێوەی ساڵی ڕابردوون.”
ئەمڕۆ دووشەممە 23ی شوبات، بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و خۆراکی سلێمانی بڵاوی کردەوە، بەشەخۆراکی سەبەتەی یەکەم بە داتای مانگی یەکی 2026، لەم مادانە پێکهاتووە:
1- برنج سێ کیلۆگرام
2- شەکر یەک کیلۆگرام
3- زەیت یەک لیتر
4- نیسک 500 گرام
5- لەتکەنۆک (بەزالیا) 500 گرام
6- دۆشاوی تەماتە 400 گرام
ئاماژەی بەوەش داوە: “بریکارەکانی ناو شار و دەرەوەی شار ئاگادار دەکەینەوە، لە کاتی دابەشکردنی خۆراکی مانگانەدا ڕەچاوی مادەکان بکەن، هەر مادەیەک دەرکەوت خراپە و بە کەڵکی خواردن نایەت، بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشی نەکەن، بەڵکوو کۆمپانیای خۆراکی لێ ئاگادار بکەنەوە تاوەكوو بۆیان بگۆڕین.”

