فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران ڕایگەیاند، دوژمن هەوڵ دەدات لە ماوەیەکی درێژخایەندا پلە بە پلە هێز و توانای سەربازییان لەناو ببات. ئەمیر حاتەمی، بە ئاماژەدان بەوەی نەیارەکانیان بەدوای “پووکانەوەی ستراتیژی”ـن، واتە هەوڵ دەدەن بە هەر هەنگاوێک لاوازیان بکەن، گوتی: “ئاگاداری بەرنامە و پلانی دوژمنانیانن و ڕێگە نادەن بە ئامانجەکانیان بگەن”.
ئەمیر حاتەمی باسی لە گرژییەکانی ئەم دواییە کرد و گوتی: “دوژمنان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندان جار هەوڵی لەناوبردنی ئێرانیان داوە، بەڵام هەر جارێک شکستیان هێناوە؛ ئەوەش بەرپرسیارێتیی سوپا دوو هێندە دەکات”. ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەمریکا پێی وابوو ئێران لاواز بووە، بەڵام هێز و خۆڕاگرییان سەلماندی کە دوژمن بە هەڵەدا چووە و ناتوانن دەست بەسەر ئێراندا بگرن.
فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران گرژییەکانی ئەمجارەیان لەگەڵ ئەمریکا بە “جەنگێکی فرەلایەنەی سیاسی، ئابووری، سەربازی و دەروونی” ناو دەبات و دەڵێت: “واشنتن بە گوشارهێنان هەوڵ دەدات مەرجەکانی خۆی بەسەر تاراندا بسەپێنێت، بەڵام ڕێگەچارەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم جەنگە ئەوەیە کە بە باشی هەموو لایەنەکان و ئامانجەکانی جەنگەکە بناسن”. هەروەها جەختی لە خۆڕاگری کردەوە و ئاماژەی بەوەش دا کە ڕێبەریی ئێران زیاتر لە هەر کەسێک دوژمن دەناسێت.
لێدوانەکانی بەرپرسانی سەربازیی ئێران لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و فراوانبوونی هەژموونی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز. سزاکانی ڕۆژئاوا کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر کەرتی ئابووری و سەربازیی ئەو وڵاتە داناوە.

