zagros news agency

جێگری سەرۆکی ئەمه‌ریکا: سەرۆک ترەمپ گەلی کوردی خۆش دەوێت

 

لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا جەختی لە گرنگی و قووڵی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ گەلی کورد کردەوە و ڕایگەیاند کە ئیدارەی ئەمه‌ریکا بە بایەخەوە دەڕوانێتە سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچە کوردنشینەکاندا.

 

لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووسێکی کورد سەبارەت بە پاشەڕۆژی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمه‌ریکا، جێگری سەرۆک ئاماژەی بە مێژووی هاوپەیمانییەتی هەردوولا کرد و گوتی: “سەرۆک تره‌مپ گەلی کوردی خۆشدەوێت و تەواوی ئیدارەکەشمان پەیوەندییەکی زۆر باش و دۆستانەی لەگەڵ کوردانی وڵاتە جیاوازەکانی جیهاندا هەیە.”

 

ڕۆژنامەنووسەکە لە پرسیارەکەیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی مێژوویی کورد وەک هاوپەیمانێکی دڵسۆزی ئەمه‌ریکا لە شەڕی دژی دیکتاتۆرییەت و تیرۆر، هەروەها ئاماژەی بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک مەسعوود بارزانی کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە لە سووریا.

 

لە بەرامبەردا، جێگری سەرۆکی ئەمه‌ریکا دووپاتی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی وڵاته‌كه‌یان، چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوەژیانە بۆ هەموو پێکهاتەکان، لەوانەش کورد، عەرەب، مەسیحی و جولەکەکان. هه‌روه‌ها ڕایگەیاند: “ئێمە دەمانەوێت گەلی کورد لە ئاشتی و تەبایی و خۆشگوزەرانیدا لەگەڵ دراوسێیەکانیاندا بژین.”

 

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ئەمه‌ریکا بەردەوامە لە پشتگیریکردنی هاوپەیمانە ناوخۆییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پاراستنی سەقامگیری و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی گرووپە توندڕەوەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار

پارێزگارى هه‌ولێر، پێشوازیى لە خانەوادەى هەرسێ‌ كوژراوەكەی بەنزینخانەکەى هەولێر کرد

سەڵاح

بەهۆی قەیرانی وزەوە دەوام لە ٢٤ پارێزگای ئێران ڕاگیرا

یاسین

تاقمی حوسی پشتڕاستی دەکاتەوە کە هێرشی کردووەتە سەر ٤ کەشتی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن

یاسین