دۆسیەی فڕۆکە لەکارکەوتووەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی جارێکی دیکە بووەتە جێی مشتومڕی گەورە، ئەمەش دوایی ئاشکرابوونی ژمارەیەک بەڵگەنامە کە گومانی گەندەڵی و بەهەدەردانی ملیۆنان دۆلار لە گرێبەستەکانی چاککردنەوەی بزوێنەر و کڕینی پارچەی یەدەگدا دەخەنە ڕوو.
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی دەست رۆژنامهی (بەغداد ئەلیەوم) کەوتوون، سەرەڕای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بڕیاری 855ـی ساڵی 2025ـی جەختی لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا باوەڕپێکراوە نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە، بەڵام ئیدارەی ئێستای هێڵی ئاسمانی، پێچەوانەی بڕیارەکە کاری کردووە. لە بری ئەوە گرێبەستی لەگەڵ دوو کۆمپانیادای تردا کردووە بە ناوەکانی (Aet و Level Aero) کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مۆڵەتپێدراو نین و تەنیا وەک نێوەندگیر کار دەکەن، ئەمەش تێچووی کارەکانی دووهێندە کردووە.
قەبارەی بەهەدەردانە داراییەکان زۆر گەورەیە، بە جۆرێک، تێچووی چاککردنەوەی تەنیا یەک بزوێنەر لەنێوان 12 بۆ 14 ملیۆن دۆلاردایە و تا ئێستاش نزیکەی 60 ملیۆن دۆلار بۆ چاککردنەوەی تەنیا چوار فڕۆکە خەرج کراوە. لە بەرامبەر ئەم تێچووە زەبەلاحەدا، ئێستا 25 فڕۆکە لە گۆڕەپانەکانی فڕۆکەخانە پەک كهوتوون و ئیدارەی کۆمپانیاکەش پەنای بۆ سیاسەتی گواستنەوەی پارچەی یەدەگ لە فڕۆکەیەکەوە بۆ فڕۆکەیەکی دیکە بردووە، میکانزمێک کە پسپۆڕان پێیان وایە چارەسەر نییە و تەنیا دۆخی تەکنیکیی فڕۆکەکان بەگشتی ئاڵۆزتر دەکات.

