د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیدوانەکدا ڕاگەیاند، سەرکۆنەی ئەو گرژییە ئەمنییە مەترسیدارانەی دەکەین کە لە دوای ڕووداوەکانی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پارێزگای هەولێری پایتەخت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەخۆیانەوە بینیویانە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی کردەوە کە ئەو هێرشە ئاسمانییانەی لە ڕێگەی درۆن و موشەکی هەڕەمەکییەوە ئەنجام دراون و دامەزراوەکان و شوێنی نیشتەجێی هاووڵاتیانی سڤیلی کردووەتە ئامانج، هەوڵێکی ئاشکران بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم و لێدان لە پێکەوەژیانی ئاشتییانە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوەی ڕوویداوە پێشێلکردنی زەقی بنەما، ڕێککەوتننامە و پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە؛ چونکە ئەم هێرشانە نکوڵیکردنێکی تەواون لەو مافانەی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیماننامە جیهانییەکان بڕیاریان لەسەر داوە، و پشتگوێخستنی تەواوی ئەو بنەما بنەڕەتییانەیە کە پاراستنی مەدەنییەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان لە هەموو بارودۆخێکدا دەسەپێنن.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕوونی کردەوە کە ئەم پێشێلکارییانە مافە شارستانی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی هاووڵاتیانی هەرێم تێک دەدەن و ئەو ژینگە گەشەپێدانە وێران دەکەن کە هەرێم هەوڵی بونیادنانی دەدات، جگە لە ئاستەنگکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
لە ڕووی یاساییەوە، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی کردەوە کە بەکارهێنانی ئەو چەکانەی کە کاریگەریی نادیاریان هەیە یان ناتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێن، وەک درۆنی خۆکوژ یان موشەکی هەڕەمەکی کە بوونەتە هۆی برینداربوونی مەدەنییەکان، بەپێی “پەیڕەوی ڕۆما”ی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی وەک “تاوانی جەنگ” پۆلێن دەکرێت و بە سەرپێچییەکی ڕاشکاوی ڕێککەوتننامەکانی جنێفی ساڵی ١٩٤٩ و پرۆتۆکۆڵە زیادکراوەکانی ساڵی ١٩٧٧ دادەندرێت. هەروەها جەختی کردەوە کە ئامانج لەم دەستدرێژییانە دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێیە لە ناو دڵی دانیشتووانە ئارامەکان و دروستکردنی نیگەرانیی بەردەوام و شۆکی دەروونییە، ئەمەش دەستدرێژییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر “مافی ژیان و مافی ژیان لە ژینگەیەکی ئارامدا.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەم هێرشانە زنجیرەیەک پێشێلکاریی کەڵەکەبووی دژی مافەکانی مرۆڤن و “مافی گەشەپێدان” لە ڕێگەی پەکخستنی پڕۆژە زیندووەکان و تێکدانی ئەو سەقامگیرییە ئەمنییە دەکەنە ئامانج کە یارمەتیدەر بووە لە ڕاکێشانی وەبەرهێنان. هۆشداریشی دا لەوەی کە نەبوونی لێپرسینەوە لەو لایەنانەی بەرپرسیارێتیی هێرشەکان دەگرنە ئەستۆ، ڕێگە بۆ پێشێلکاریی زیاتر خۆش دەکات کە هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی دەکات؛ بۆیە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەتایبەتی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ کرد، کە هەڵوێستێکی توند و بەرپرسانە بەرامبەر بەم پێشێلکارییانە بگرنە بەر و کۆتایی بەو هێرشە بێهودانە بهێنن کە هەڕەشە لە چارەنووسی هاووڵاتیان دەکەن.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی کردەوە کە پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێم لەم هێرشانە، تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئاستی پابەندبوون بە بەها مرۆییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان کە ژیانی بەکەرامەت، ئازادی و ئاسایش بۆ مرۆڤ مسۆگەر دەکەن.

