نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا پارێزگاری لە ئاستە بەرزەکانی خۆی کردووە و لە ئێستادا بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە زیاتر لە 105 دۆلار 8 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، هاوکات نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکیش گەیشتووەتە 100 دۆلار .
ئەم هەڵکشانە بەرچاوەی نرخەکان لە کاتێکدایە کە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران لە سەرەتای ئەم مانگەوە، هەردوو جۆری نەوتی برێنت و تەکساس بە ڕێژەی 40% بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە. لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە هاوکار بن بۆ پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمز.
گرژییەکان دوای ئەوە زیاتر بوون کە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران بوونە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمز بکات، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ناجێگیریی بازاڕی وزە لەسەر ئاستی جیهان دروست کردووە.

