zagros news agency

سەرۆکی هەرێم: ئێمە وەک هەمیشە فاکتەری ئارامی و سه‌قامگيرى دەمێنینەوە و دەستی دۆستایەتی بۆ هەمووان درێژ دەکەین

دەقی په‌يامى نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ جه‌ژنى نه‌ورۆز.

 

 

گەلی کورد و كوردستانيیانى ئازیز لە هەر کوێی جیهان بن،

 

بە گەرمی و لە ناخی دڵەوە، جەژنی نەورۆزی نەتەوەیی و سەری ساڵی نوێی کوردی لە ئێوە و لە خێزانی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و تەواوی هێزە ئەمنییەکان پیرۆز دەکەم. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئارامی، ئاسوودەیی و کامەرانی بۆ هەمووان.

نەورۆز گوزارشتێکی قووڵە لە مێژوویەکی پڕ لە تێکۆشان و داستانەکانی خۆڕاگریی نەتەوەیەک کە هه‌ميشه‌ به‌ ئيراده‌يه‌كى به‌هێزه‌وه‌ به‌ره‌نگارى ستەم بووه‌ته‌وه‌ و هه‌رگيز ڕاده‌ست نه‌بووه‌. نەورۆز هێمای تێکشکانی تاریکی و نوێبوونەوەی ژیانە، ئەو ڕاستییەى مێژووە کە دەیسەلمێنێت هیچ هێز و چەکێک ناتوانێت گڕی ئازادیخوازی لە ناخی کورددا بکوژێنێتەوە.

ئەمڕۆش ئاگری نەورۆز بۆ ئێمە بانگەوازێکی بەردەوامە بۆ كۆڵنه‌دان، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارييه‌كان، بۆ ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى. گوڕ و تينى به‌هێزمانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بە ئیرادەيه‌كى نەورۆزییانە، دەستکەوتە دەستوورییەکانمان بپارێزین و فيدراڵى و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان وەک بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی ساڵه‌هامان، پته‌و و به‌هێز بهێڵینەوە.

ئەمساڵ لە کاتێکدا پێشوازی لە بەهار و نەورۆز دەکەین، ناوچەکەمان بە دۆخێکی هەستیار و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت. مەترسییەکانی شەڕ و لێكه‌وته‌كانى لە هەموو لایەکەوە ده‌رده‌كه‌ون. بۆیە ئەرکی هەموومانە بە بەرپرسیاريه‌تیى مێژوویییەوە کار بکەين تاکوو هەرێمی کوردستان و عێراق لەم ئاڵۆزییانە بەدوور بگرین. ئاشتی و ئاشتیخوازی؛ گەورەترین هێزی ئێمەن و تەنیا لە سایەی سەقامگیریدا دەتوانین داهاتوويه‌كى باشتر بنيات بنێين.

لە پەیوەندیمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراقدا، وێڕاى دەستخۆشی له‌ هه‌ر هه‌نگاوێكى ئه‌رێنى، دووپاتی دەکەینەوە کە له‌م دۆخه‌دا هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى زياترى هه‌ولێر ـ به‌غدا و جێبەجێکردنی ڕاستەقینەی دەستوور و سیستەمی فیدراڵی و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان، تاقە گەرەنتییە بۆ عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر. ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری ئارامی و سه‌قامگيرى دەمێنینەوە و دەستی لێكگه‌يشتن و دۆستایەتی بۆ هەمووان درێژ دەکەین.

 

هاووڵاتييانى خۆشه‌ويستى كوردستان،

 

داواتان لێ دەکەم لە کاتی گەشت و سەیراندا، بەوپەڕی وریایییەوە ڕەچاوی سەلامەتیی خۆتان و خێزان و ئازیزانتان بكه‌ن. بەتایبەتى لەم ڕۆژگارەدا کە ناوچەکەمان بە دۆخێکی ئاڵۆز و پڕ لە لێکەوتەی مەترسیداری شەڕدا تێدەپەڕێت، پێویستە هەمووان زياتر ئاگادارى خۆتان بن.

ده‌بێ پابەندی ڕێنمایییەکانی هاتوچۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان بن، تاکوو ئەم جەژنە بە ئارامى و سەلامەتی بكه‌نه‌وه‌ و هیچ ناخۆشییەک یادی نەورۆزمان لێ تاڵ نەکات. پاراستنی ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان، ئەرکێکی نیشتمانی و نیشانەی شارستانیبوونی ئێمەیە و ده‌بێ پابه‌ندى بين.

نەورۆز لە هەموو ئەو گەلانەش پیرۆز بێت کە ئەم یادە دەکەنەوە. خواى مه‌زن ئێوه‌ هه‌مووتان و گه‌ل و نيشتمانمان بپارێزێت و ئاشتى و ئارامى و دڵنيايى؛ باڵ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌مان و ته‌واوى مرۆڤايه‌تيدا بكێشێت.

 

جەژنتان پیرۆز، هەموو ساڵێک بە خۆشى و كامه‌رانى.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2026/3/20

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر دەکات

دڵشاد

پەیامی مەسرور بارزانی بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی

سەڵاح

دوو کاندیدی کورد سەرکەوتنیان بۆ پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا مسۆگەرکرد

سەڵاح