zagros news agency

چوار ئەمبوڵانس لە لەندەن سووتێنران

 

 

پۆلیسی لەندەن ڕایگەیاند کە هێرشکردنە سەر چوار ئەمبوڵانسی سەر بە کۆمەڵەیەکی خێرخوازیی جووەکان لە باکووری لەندەن، وەک تاوانێکی ڕق و کینە دژە جووەکان لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت.

پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە کە کاتژمێر 1:45ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026 لە ناوچەی (گۆڵدێرز گرین)، چوار ئەمبوڵانس ئاگریان تێبەر دراوە، پێش ئەوەی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بگەنە شوێنی ڕووداوەکە.

پشکنەر سارا جاکسۆن، بەرپرسی پۆلیس لە ناوچەکە، گوتی: “خەریکی پشکنینی کامێراکانی چاودێری و بەدواداچوونی ئەو گرتە ڤیدیۆ یانەین کە لە ئینتەرنێت بڵاو کراونەتەوە. لەم قۆناخە سەرەتایەدا پێمان وایە سێ گومانلێکراو لەپشتی ئەم کارەوە بن.”

وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی، ماڵە نزیکەکانی شوێنی ڕووداوەکە چۆڵ کراون و هەندێک ڕێگاش بە داخران ماونەتەوە.

پۆلیس جەختی کردەوە کە هیچ کەسێک بریندار نەبووە و هەموو ئاگرەکان کۆنترۆڵ کراون.

تیمی ئاگرکوژێنەوە ڕایگەیاند کە چەند بوتڵێکی غازی ناو ئەمبوڵانسەکان تەقیونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی شکانی شووشەی پەنجەرەی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لەو نزیکانە. شەش ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و نزیکەی 40 کارمەند بەشدار بوون لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا.

ئەو ئەمبوڵانسانە سەر بە ڕێکخراوی (هاتزۆلا)ن کە ڕێکخراوێکی خۆبەخشی خێرخوازییە و لە ساڵی 1979وە خزمەتگوزاریی فریاکەوتنی پزیشکی و گواستنەوەی نەخۆش بەبێ بەرامبەر پێشکەش بە دانیشتووانی ناوچەی (گۆڵدێرز گرین) دەکات کە زۆرینەیان جوون.

پشکنەر جاکسۆن گوتیشی: “دەزانین ئەم ڕووداوە نیگەرانییەکی زۆر لەناو کۆمەڵگەکەدا دروست دەکات، ئەفسەرەکانمان لە شوێنی ڕووداوەکە ماونەتەوە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی خێرا.”

هەواڵی پەیوەندیدار

نەرویج، ئیرلەندا و ئیسپانای ئەمڕۆ وڵاتی فەلەستین بە فەرمی دەناسن

سەڵاح

کەشناسی : پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە

سەڵاح

پرسەنامەیەک لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان

سەڵاح