بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ی نیسانی ٢٠٢٦، بەکاتی باشووری کوردستان، هەڵبژاردەی عێراق مێژوویەکی نوێی نووسییەوە و توانی بە سەرکەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی بۆلیڤیادا، بە فەرمی بگاتە یارییەکانی کۆتایی جامی جیهانیی 2026.
لە یارییەکی چارەنووسسازدا کە لە وڵاتی مەکسیک ئەنجامدرا، عێراق توانی بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە بۆلیڤیا بباتەوە. سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی بۆلیڤیا بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، بەڵام یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق توانییان تا کۆتایی پارێزگاری لە پێشەنگی خۆیان بکەن و سەرکەوتنەکە مسۆگەر بکەن.
ئەم سەرکەوتنە دوای ڕێگایەکی سەخت و دوورودرێژ هات، کە تێدا هەڵبژاردەی عێراق 21 یاریی لە پاڵاوتنەکاندا ئەنجامدا و 13 سەرکەوتن، 5 یەکسانبوون و تەنیا 3 شکستی تۆمارکرد. ئەیمەن حوسێن، هێرشبەری هەڵبژاردەکە، ڕۆڵێکی کاریگەری بینی و بە تۆمارکردنی 9 گۆڵ بووە پاڵەوانی سەرەکی لە گەیاندنی عێراق بۆ جامی جیهانی.
ئەمە یەکەمجارە لە دوای مۆندیالی 1986ی مەکسیک، عێراق دەگاتە جامی جیهانی، بەمەش خەونی 40 ساڵەی هاندەرانی وەرزشی لە وڵاتەکەدا بووە ڕاستی. بەپێی تیروپشکەکەش، عێراق لە کۆمەڵەیەکدا ڕووبەڕووی هەڵبژاردەکانی فەرەنسا، نەرویج و سەنیگال دەبێتەوە.

