zagros news agency

قالیباف بۆ ترەمپ: هاتوچۆ لە گەرووی هورمز تەنیا بە مۆڵەتی فەرمی ئێران دەبێت

 

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هێرشی توند دەکاتە سەر سەرۆکی ئەمریکا و رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ لە یەک کاتژمێردا حەوت بانگەشەی ناڕاست ‘درۆ’ـی کردووە.
ئەمڕۆ شەممە، 18-4-2026، قالیباف جەختی کردەوە، ئەمریکییەکان نە لە رێگەی “درۆ”وە جەنگیان بردۆتەوە و نە لە دانوستانەکانیشدا بەو شێوازە دەگەنە هیچ ئەنجامێک.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و گەرووی هورمز، قالیباف هۆشدارییەکی توندی دا و گوتی: “لەگەڵ بەردەوامبوونی گەمارۆکان، گەرووی هورمز بە رووی کەشتیەکاندا بە کراوەیی نامێنێتەوە.” ئاماژەی بەوەش کرد کە هاتوچۆ لەو گەرووەدا تەنیا لە رێگەی “رێڕەوی دیاریکراو” و بە “مۆڵەتی فەرمی ئێران” دەکرێت.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باسی لەوەش کرد، بڕیاری کۆتایی لەسەر کرانەوە یان داخرانی گەرووی هورمز و یاساکانی پەیوەست بەو ناوچەیە، لە مەیدانی کردەیی دا دەدرێت نەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قالیباف ئاماژەی بە شەڕی میدیایی کرد و گوتی: “ئەندازیاریکردنی رای گشتی بەشێکی گرنگی جەنگە، بەڵام گەلی ئێران بەم فێڵانە هەڵناخەڵەتێن.” داواشی لە هاووڵاتیان کرد کە زانیاری و هەواڵی وردی دانوستانەکان تەنیا لە لێدوانە فەرمییەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە وەربگرن.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەرلەمانی عێراق: یاسای پاسپۆرتی دیپلۆماسی هەموار دەكەینەوە

سەڵاح

سەرۆکوەزیران و شاندێکی نەتەوەیەکگرتووەکان تاوتوێی سەرژمێری دەکەن

سەڵاح

بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی پەمپی ئاوهەڵکێشان لە تاران

یاسین