zagros news agency

چۆن ئەمریکا دەتوانێت مینەکان لە گەرووی هورمز پاک بکاتەوە

 

لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست بە پاککردنەوەی مینەکان لە گەرووی هورمز دەکات، بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان سوود لە درۆن، ڕۆبۆتە تەقەمەنییەکان و هێلیکۆپتەرەکان وەرده‌گرێت، هەرچەندە هێشتا تیمەکانی پاککردنەوەی مین لەبەرانبەر هێرشەکانی ئێراندا پارێزراو نین.

ئەمریکا هەوڵ دەدات گەرووەکە لە مین پاک بکاتەوە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە تێکدانی کەشتیوانی لەلایەن ئێرانەوە، کە بەهۆیەوە دابینکردنی وزەی جیهانی زۆر کەمی کردووە.

ئەفسەرانی پێشووی هێزی دەریایی و پسپۆڕانی پیشەسازی دەڵێن؛ هەرچەندە ئەمریکا بۆ پشکنین و لابردنی مینەکان لە دوورەوە، دەتوانێت سوود لە تەکنەلۆژیای مۆدێرن وەربگرێت ، بەڵام پاککردنەوەی ڕێڕەوێکی ئاوی ستراتیژی وەک گەرووی هورمز هێشتا پڕۆسەیەکی خاو و فرە هەنگاو دەبێت.

کۆتایی هەفتەی ڕابردوو سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە دەستی بە ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی مین کردووە و دوو کەشتی جەنگی بە ناو گەرووەکەدا ناردووە، بەڵام زانیاری کەمیشی لەسەر ئامێرە بەکارهاتووەکان خستەڕوو. ئه‌مڕۆ شەممە ڕایگەیاند کە لە ڕۆژانی داهاتوودا هێزی زیاتر، لەوانەش درۆنی ژێر ئاو، بەشداری لەو هەوڵانەدا دەکەن.

مانگی ڕابردوو سەرچاوە ئاگادار وتی، ئێران لەم دواییانەدا نزیکەی ١٢ مینی لە گەرووی هورمز جێگیر کردووە. بە ئاشکرا نازانرێت مینەکان لە کۆێ دانراون.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆتایی هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، هەموو ئەو کەشتیانەی ئێران کە مینیان دادەنا، نوقم کراون. بەڵام هەندێک پسپۆڕ دەڵێن مەترسی ئەوە هەیە تاران ئامێری زیاتر جێگیر بکات.

جۆن پێنتریت، ئەدمیراڵێکی خانەنشینکراوی هێزی دەریایی بەریتانیا کە ئێستا ڕاوێژکارە، دەڵێت: “جەنگی مین کاریگەرە چونکە ئامێرەکان هەرزانن، بەڵام پاککردنەوەیان تێچووی زۆرە و تەنانەت هەڕەشەی بوونی کێڵگەی مینیش بەسە بۆ ڕاگرتنی کەشتییەکان، بەتایبەتی کەشتییە بازرگانییەکان.”

مۆدێرنکردنی مینڕێژکردن
بە شێوەیەکی نەریتی، هێزی دەریایی ئەمریکا پشتی بە کەشتییە مرۆییەکانی مینڕێژکردن دەبەست کە خودی خۆیان دەچوونە ناو کێڵگە مینەکانەوە و سۆنەریان بەکاردەهێنا بۆ دۆزینەوەی ئامێرەکان، بەڵام زۆربەی ئەو کەشتییە کۆنانە خانەنشین کراون.

ئێستا ئەوان بە کەشتی سوکتر جێگەیان دەگیرێتەوە کە بە “کەشتییەکانی جەنگی کەناراوەکان” (LCS) ناسراون، کە ئامێری مۆدێرنی ڕاوکردنی مینیان پێیە وەک درۆنی سەرئاو و ژێرئاو و ڕۆبۆتی کۆنتڕۆڵکراو کە ڕێگە بە تیمەکان دەدات لە کێڵگەی مینەکە دوور بکەونەوە.

پڕۆسەیەکی خاو
بڕایان کلاک، ئەفسەری خانەنشینکراوی هێزی دەریایی ئەمریکا دەڵێت پاککردنەوەی گەرووەکە ڕەنگە دوو بۆ سێ هەفتە بخایەنێت، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر تیمەکان دەتوانێت پڕۆسەکە خاو بکاتەوە و مەترسییەکان زیاد بکات. بەو هۆیەوە، ڕەنگە سوپای ئەمریکا ڕێوشوێنی بەرگری وەک کەشتی و درۆنی ئاسمانی بۆ پاراستنی تیمەکان و ئامێرەکان جێگیر بکات.

ئەدمیراڵ دارێل کادڵ، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکان لە مانگی ئازاردا وتی: “دۆزینەوە و لەناوبردنی مین کاتێکی زۆری دەوێت، ئەمەش توانای پاککردنەوەی مینەکان بە ناسکی و مەترسیداری دەهێڵێتەوە.”

 

ڕۆیتەرز

 

هەواڵی پەیوەندیدار

کارەبای عێراق: هاوردەکردنی غازی ئێران بە بڕی ٦ ملیۆن مەتر سێجا بەردەوامە

یاسین

قەیرانی کارەبا لە سووریا بەردەوامە؛ هاوردەکردنی گاز چارەسەر نەبوو

یاسین

ئێران: بەرنامەی مووشەکیمان بۆ بەرگرییە و دانوستانی لەسەر ناکرێت

یاسین