zagros news agency

بەهۆی قەیرانی دەرمانەوە، جۆرە مەرگێکی نوێ لە ئێران سەر هەڵدەدات

 

ڕۆژنامەی (ئیندپێندێنت)ی فارسی لە ڕاپۆرتێکیدا پەردە لەسەر قەیرانێکی مرۆیی گەورە لە ناوخۆی ئێران لادەبات. ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە کەرتی تەندروستیی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە لێواری داڕمان، لە کاتێکدا جیهان سەرقاڵی هەواڵە سیاسی و سەربازییەکانی تارانە، مەرگێکی بێدەنگ لەناو دەرمانخانە خاڵییەکان و ڕیزە درێژەکانی نەخۆشخانەکاندا خەریکە گیانی هەزاران مرۆڤی بێتاوان دەکێشێت.

بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ڕۆژنامەکە، لە دوو مانگی ڕابردوودا ئێران ڕووبەڕووی قەیرانێکی کەموێنەی دەرمانی پزیشکی بووەتەوە. ڕاگرتنی چالاکیی کۆمپانیا ناوخۆییەکانی دەرمان و پچڕانی هێڵەکانی هاوردەکردن، بووەتە هۆی نەمانی دەرمانە بنەڕەتییەکانی وەک ئەنسۆلین، فاکتۆرەکانی خوێن مەیین و دەرمانەکانی چارەسەری کیمیایی. ئەم دۆخە وای کردووە بازاڕی ڕەش بە شێوەیەکی مەترسیدار گەشە بکات و نرخی دەرمان تێیدا بگاتە پێنج هێندەی نرخی ئاسایی، کە ئەمەش لە توانای دارایی زۆرینەی خەڵکدا نییە.

ڕاپۆرتەکە بە وردی باس لە مەینەتیی ئەو نەخۆشانە دەکات کە پێویستیان بە خزمەتگوزاریی بەردەوام هەیە. لە کەرتی (شووشتنی گورچیلە)، کەمیی ئامێر و کەرەستە سەرەتاییەکان وای کردووە ڕیزەکان هێندە درێژ ببنەوە کە ژیانی نەخۆشەکان بخاتە مەترسییەوە. هەروەها نەخۆشانی هیمۆفیلیا و تالاسیمیا بەدەست نەمانی دەرمان و کەمیی خوێنەوە دەناڵێنن. بۆ نموونە، لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، چەندین مانگە هیچ بڕە دەرمانێک دابین نەکراوە.

فشاری ئەمنی و داڕمانی ژێرخانی نەخۆشخانەکان

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا ڕۆژنامەی (ئیندپێندت) باسی لەوە کردووە، دوای پێکدادانە خوێناوییەکانی مانگی یەکی ڕابردوو، نەخۆشخانەکان کەوتوونەتە ژێر فشارێکی بێوێنەوە. زۆریی ژمارەی بریندارەکان و کەمیی جێگەی خەواندن لە بەشەکانی چاودێری ورد (ICU)، وای کردووە زۆرێک لە نەخۆشە ئاساییەکان وەرنەگیرێن. هاوکات، مەترسیی پێکدادانی سەربازی وای کردووە بەشێکی زۆری ستافی پسپۆڕ ناوەندە تەندروستییەکان جێ بهێڵن، ئەمەش بووەته هۆی ئەوەی نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش بە کەمترین توانای مرۆیی کار بکەن.

وازهێنان لە چارەسەر.. بڕیارە قورسەکە

یەکێک لە تراژیدیترین بەشەکانی ڕاپۆرتەکە ئاماژەدانە بە زیادبوونی دیاردەی “وازهێنان لە چارەسەر”. زۆرێک لە نەخۆشەکان کاتێک دەبینن تێچووی یەک ژەمی چارەسەری شێرپەنجە دەگاتە ١٥٠ ملیۆن تومەن (١٠٠٠ دۆلار)، یا دەرمان لە بازاڕدا دەست ناکەوێت، بڕیاری ڕاگرتنی چارەسەر دەدەن.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، دانی بەوەدا ناوە کە نرخەکان ١٠٠٪ زیادیان کردووە، بەڵام ئامارە مەیدانییەکان باس لە ٣٠٠٪ دەکەن.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، ڕۆژنامەی (ئیندپێندێنت) هۆشداری دەدات کە لێکەوتەکانی ئەم قەیرانە بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە. تەنانەت ئەگەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیش جێگیر بێت، داڕمانی ژێرخانی تەندروستی و کۆچی کادیرە پسپۆڕەکان وایکردووە کە “مەرگی بێدەنگ” ببێتە بەشێکی جیانەکراوە لە ژیانی هاووڵاتیانی ئێران.

هەواڵی پەیوەندیدار

ژمارەیەک لە نووسەران و چالاکان و ڕێکخراوەکانی بواری جینۆسایدی گەلی کورد ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە

سەڵاح

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق دەكات

سەڵاح

زێلێنسکی: سەربازانی کۆریای باکوور تێکەڵی سەربازنی رووسیا دەبن

سەڵاح