ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری پاکستانییەوە بڵاوی کردەوە، ئەگەری هەیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە شێوەی مەیدانی یان لە ڕێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا بکات، ئەگەر هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریکی لەسەر مێزی گفتوگۆکان بگەنە ڕێککەوتن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە “کەشوهەوای دانوستانەکان ئەرێنییە و گفتوگۆکان بەگوێرەی خشتەی کاتیی دیاریکراو بەڕێوەدەچن”، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەبوونی پێشکەوتن لە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات لە ئیسلام ئاباد.
هاوکات، سەرچاوەیەکی فەرمی پاکستان بە کەناڵی “ئەلعەرەبیە”ی ڕاگەیاندووە، شاندی هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی هاوکات گەیشتوونەتە ئیسلام ئابادی پایتەخت، ئەمەش بە مەبەستی دەستپێکردنی خولێکی نوێی گفتوگۆکان کە ئامانج لێی خاوکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکەیە. سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی پاکستان دووپاتیان کردووەتەوە کە شاندە بەراییەکانی هەردوو وڵات لە ئێستادا لەو شارە ئامادەن.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە کە وادەی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران لە کاتژمێر 8ی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە کۆتایی دێت. جێی ئاماژەیە، حکومەتی پاکستان ڕۆژی دووشەممە بە فەرمی داوای لە تاران و واشنتن کردبوو کە وادەی ئاگربەستەکە درێژ بکەنەوە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ دیالۆگ.

