zagros news agency

یەکێتی ئەوروپا سزاکانی سەر ئێران فراوانتر دەکات

 

گەرووی هورمز نزیکەی دوو مانگە بە تەواوی داخراوە، ئەمەش بازاڕەکانی وزە و کاڵاکانی جیهانی شێواندووە، دوو دیپلۆماتی یەکێتی ئەوروپا ڕایانگەیاند، یەکێتییەکە پێوەرەکانی سزاکانی سەر ئێران فراوانتر دەکات بۆ ئەوەی ئەو کەسانەش بگرێتەوە کە لە داخستنی ئەم گەرووە بەرپرسن.

دوای ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوو دەستیپێکرد تاران بە کردەیی گەرووەکەی داخست، بەهۆیەوە نزیکەی پێنج یەکی پێداویستییەکانی نەوت و غازی سروشتی شل (LNG) لە جیهاندا پەکیکەوتووە.

ڕۆژی هەینی دوای ئەوەی ئێران ڕایگەیاند کە گەرووەکە بۆ ماوەیەکی کورت کراوەیە زیاتر لە دە تانکەر بە گەرووی هورمزدا تێپەڕین، بەڵام ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە کەوتە مەترسییەوە دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانیدا گرت، ئەمەش لە کاتێکدایە واشنتۆن له‌ گەمارۆی سەربازیی سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوامه‌.

یەکێک لە دیپلۆماتەکان وتی: “ڕێککەوتنێکی سیاسی لە نێوان باڵیۆزاندا هەبوو کە پێوەرەکانی سزاکانی سەر ئێران بگۆڕین تاوەکو بتوانین ئەو کەس و لایەنانەش بخەینە لیستەکەوە کە بەرپرسن لە ڕێگریکردن لە ئازادی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا.”

سەرچاوەیەکی تری دیپلۆماسی وتی کە بۆ ئامادەکردنی هەر لیستێکی نوێ دەزگای کارە دەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپا (EEAS) پێویستی بە چەند هەفتەیەکە. ئەم دەزگایە بەرپرسە لە دەستنیشانکردنی کەس و کۆمپانیاکان بۆ سزادان، لە کاتێکدا کۆمیسیۆنی ئەوروپا سەرپەرشتی سنووردارکردنی کەرتە جیاوازەکان دەکات.

لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، یەکێتی ئەوروپا سوپای پاسدارانی ئێرانی (IRGC) وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند، وە لە مانگی ئازاریشدا ناوی ژمارەیەک بەرپرسی ئێرانی بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە خستە لیستی سزاکانەوە.

 

رۆیته‌رز

هەواڵی پەیوەندیدار

حکومەتی هەرێمی کوردستان 10 رۆژ پشووی فەرمی راگەیاند

یاسین

ناوەڕۆكی پەیوەندیی تەلەفۆنیی دوێنێی نێوان سەرۆك بارزانی و ئەحمەد ئەلشەرع

یاسین

بەیاننامەیەک لە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

گوران