وەک بەشێک لە پلاندانان بۆ پاراستنی گەرووی هورمز، دوێنێ چوارشەممە فەرەنسا كهشتی فڕۆکەهەڵگرەکەی رەوانەی دەریای سوور کرد. فەرەنسا داوای لە واشنتۆن و تاران کرد کە چاو بەو پێشنیازەدا بخشێننەوە، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییە ئابوورییە جیهانییەکان و ئەو گەمارۆیانەی کە هەردوولا خستوویانەتە سەر یەکتر.
بەرپرسێکی سەرۆکایەتی فەرەنسا لە بریفینگێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، دوای ئەوەی سوپا جووڵەی كهشتیگهله هێرشبەرەکەی ڕاگەیاند، وتی: “هۆکاری ئەوەی کە دەبێت ئەمڕۆ هەوڵەکانمان نوێ بکەینەوە، زۆر سادەیە؛ گەمارۆی هورمز بەردەوامە، زیانەکان بە ئابووری جیهان زیاتر و دیارتر دەبن، و مەترسی درێژەکێشانی دوژمنایەتییەکان ئەوەندە جددییە کە ناتوانین قبووڵی بکەین.”
پلانی پێشنیازی فەرەنسی-بەریتانی
فەرەنسا و بەریتانیا چەند هەفتەیەکە کار لەسەر پێشنیازێک دەکەن کە ئامانجی داڕشتنی زەمینەیەکە بۆ تێپەڕبوونی سەلامەت بەناو گەرووەکەدا، ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران هەیە، و تا ئێستا ١٢ وڵات ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لەو ئەرکەدا نیشانداوە.
سوپای فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، گرووپی فڕۆکەهەڵگری “شارل دیگۆل” کە کەشتییەکی جەنگی ئیتاڵی و هۆڵەندی یاوەری دەکەن، بەرەو باشووری دەریای سوور بەڕێکەوتوون.
رۆیتهرز

