zagros news agency

له‌ ئه‌نجامی داڕووخانی كانێكی نایاسایی له‌ چین پێنج کەسی بوونە قوربانی

 

تەنها چەند ڕۆژێک دوای گەورەترین کارەساتی كانه‌كان لە چین، جارێکی دیکە بەهۆی داڕمانی كانێکی نایاسایی لە باشووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی “شینخوا”، ڕووداوەکە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە لە شاری “هوێزی” سەر بە پارێزگای یونان ڕوویداوە. تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە شەش کەس لەژێر داروپەردووی كانه‌كە دەربهێنن، بەڵام پێنجیان گیانیان لەدەستداوە و تەنها یەک کەس بە زیندوویی ماوەتەوە کە ئێستا باری تەندروستی جێگیرە.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە هێشتا چین لە شۆکی کارەساتەکەی ٢٢ی ئایاری پارێزگای “شانسی”دایە، کە بەهۆی تەقینەوەی غاز لە كانێکی خەڵوزدا لانی کەم ٨٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٢٨ی دیکەش بریندار بوون، کە ئەوەش بە خوێناویترین ڕووداوی كانه‌كان لەو وڵاتەدا لە دوای ساڵی ٢٠٠٩ داده‌نرێت.

دەسەڵاتدارانی چین ڕایانگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەیەکی وردیان لە هۆکاری هەردوو ڕووداوەکە دەستپێکردووە. لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی کارەساتەکەی شانسی، چەندین سەرپێچی مەترسیدار دەرکەوتوون، لەوانە: بوونی تونێلی نایاسایی و بێ نیشانە، نەبوونی ئامێری شوێنپێهەڵگر بۆ کرێکاران و بەکارهێنانی دەرگای ساختە بۆ چەواشەکردنی تیمەکانی پشکنین.

حکومەتی چین بەڵێنی داوە ڕێکاری توند بەرامبەر بە خاوەن كانه‌ نایاساییەکان بگرێتەبەر کە بەهۆی گوێنەدان بە ڕێنماییەکانی سەلامەتی، ژیانی کرێکارانیان دەخەنە مەترسییەوە.

 

ئاژانسەکان

هەواڵی پەیوەندیدار

سۆمۆ: داهاتی مانگی ڕابردوو بەشێوەیەکی نایاب زیادی کردووه

سەڵاح

ئێرانییەکان لە هەنگاوێکی حکوومەت توڕەن

سەڵاح

بەشە خۆراکی مانگانە گۆڕانکاری بەسەر دادێت

یاسین